راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا و ژینگەی شاری دهۆک بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە پەیوەندییان بە زۆریی موەلیده ئه‌هلییه‌كان و ئه‌و پاڵاوگەیانهوە هەیە کە لە ناوچەی پیشەسازی کهواشێ -دا هەن و مه‌رجی سه‌لامه‌تیی و ژینگەییان تێدا نییە.
بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمدایە، نزیکەی 20 هەزارکەس لەم ناوچەیەدا تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی بوون
کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە
له‌وباره‌یه‌وه تاریق عه‌بدال رۆژنامه‌نووس لە پارێزگای دهۆك بۆ کوردستانی نوێ وتی: بێگومان زۆریی موەلیدەکان لەناو شار و گەڕەکهكاندا، هه‌روه‌ها پاڵاوگه‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازیی كهواشێ هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی زۆر خراپیان بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان هەیە، بەتایبەت سیستمی ئێستای پێدانی كاره‌بای موەلیده لە دنیادا نەماوە و دەبێت رابگیرێت، ئەگەر به‌رده‌وام بێت کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و هەوا و ژینگەی شارەکان وێران دەکات. جگە لەوەی ساڵ بە ساڵ رێژەی تووشبوون بە نه‌خۆشیی شێرپەنجە لە زیادبووندایە، ئەمەش بەهۆی پیسبوونی هەوای شاری دهۆک و کەمیی رێژه‌ی سهوزایشەوەیە.
وتیشی: پێویسته کارگەکان لە شوێنێکی گونجاو‌دا بن و بەپێی پێوه‌ر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بن، بۆیە هیوادارین حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بەدواداچوونی جددی له‌سه‌ر ئەم کێشەیە بکات لە شاری دهۆک، هاوکات رێكخراوه‌كانی ژینگە و رێکخراوی (ئێن جی ئۆ)ی نێودەوڵەتیی ئاگاداری پیسبوونی ژینگە و هەوای شاری دهۆکن و راپۆرتیان لەسەر ئەم بابەتە هەیە و ئاماژەیان بە مەترسیی گەورە کردووە، به‌تایبه‌ت پاڵاوگه‌كانی ناوچەی پیشه‌سازیی كهواشێ، بۆیە پێویستە حکومەت ئەو کارگانە دابخات یان مەرجی ژینگەیی و تەندروستییان بەسەردا بسەپێنێت، چونکە ئەمە بابەتێکی مەترسیدارە و بووەتە پرسی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش. هاوكات پێویستە فەرمانگەی ژینگە و رێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە بە جددیتر کار بکەن و راپۆرتی زیاتر به‌رزبکه‌نه‌وه بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورە و مەترسیدارەی پارێزگای دهۆك.
پێویستە مەرجەکانی تەندروستییان تێیدا بێت
هەر لەو بارەیەوە دلۆڤان حه‌سه‌ن- ی رۆژنامه‌نووس لە پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هه‌وا و ئاسمانی شاری دهۆک، پاڵاوگەکانی کەواشێ -یه و پێویستە مەرجەکانی تەندروستی و پاراستنی ژینگەیان تێیدا جێبەجێ بکرێت. بەداخەوە بۆنەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەڕوات و خەڵکی ناوچەکە لێی بێزارن، هه‌روه‌ها رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەم دواییانەدا رایگه‌یاند کە نزیکەی 60 گوندی دەوروبەری ئەو ناوچەیە، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گونجاو نییه تێیدا بژین، بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمدایە، نزیکەی 20 هەزارکەس لەم ناوچەیەدا تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی بوون.
بێوار محه‌مه‌د-یش چالاكوانێكی پارێزگای دهۆكە وتی: بەڕاستی هەوا و ژینگەی شاری دهۆک زۆر پیسبووه، بەتایبەت هه‌بوونی ژمارەیەکی زۆری موەلیده لەناو شارەکەدا و رێکنەخستنیان هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و هەوا و ئاسمانی شارەکەمانه، بە تایبەت دانانی ئەو موەلیدانە لە نزیک قوتابخانە سەرەتاییەکان کارەساتە بۆ منداڵان، هه‌روه‌ها پاڵاوگەکانی ناوچەی پیشەسازیی کهواشێ هۆکارێكی ترن بۆ پیسبوونی ژینگەی شاری دهۆک و ده‌وروبه‌ری به‌گشتی، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاره‌كه‌مان دەكه‌ین بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە گرنگە بكه‌ن.
بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین
هاوکات مامۆستا دڵشاد، بهرێوهبهڕی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی پارێزگای دهۆك به لاپەڕەی ژینگەی راگه‌یاند: بە گشتی هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و كهشوهەوای شارەکانی کوردستان. بوونی موەلیدەکانە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، بەتایبەت بارهەڵگرەکان هۆکارێکی دیکەن بۆ پیسبوونی ژینگه و هەوای کوردستان. هه‌روه‌ها سووتاندنی پاشماوەكان و پلاستیک هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە به‌گشتی، جگە لەوەی ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پرۆژەیەکی گرنگە بە ناوی رووناکی، بۆ پێدانی کارەبای 24 سەعاتی، بۆ هه‌موو شارەکانی کوردستان. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشه بۆ هەوای شاره‌كانی كوردستان و دەبێتە هۆی راگرتنی سیستمی پێدانی کارەبای مووەلیده.
وتیشی: ئێمە وەک بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای دهۆک، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری له گلەیی و داخوازییه‌كانی هاووڵاتیان دەکەین، به‌ڵام گواستنەوەی موەلیدە له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی دیکە کێشەکه چاره‌سه‌ر ناکات و ده‌بێت جێگرەوەیەکی هەبێت، هه‌روه‌ها دوای چه‌ندین هه‌وڵی ئێمه، ئێستا ژماره‌ی پاڵاوگه‌کانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی کهواشێ کهمکراونەتەوە، بەڵام ئێمە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین بۆ نەهێشتنی پاڵاوگەکان و تەنها یەک پاڵاوگەی سه‌ره‌كیی و زانستیمان هەبێت، بۆ پاکڕاگرتنی هەوا و ژینگەی شاری دهۆک.