لە میدیای ئەڵمانییەوە

12:35 - 2024-12-02
جیهان
29 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

 

بەرلین و ئەنقەرە رێککەوتنێکی نهێنییان کردووە

 بەپێی هەفتەنامەی «یونگەڤێڵت»، لە رۆژانی رابردوودا لەهەریەک لە شارەکانی برێمن و بەرلین و ماگدیبۆرگ، پۆلیسی ئەڵمانیا شەش گەنجی باکووری کوردستانی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستگیرکردووە و بەمەش ئەوانەی ئەو تۆمەتەیان لەسەرە لە زیندانەکانی ئەڵمانیادا 18 کەسن.
هەفتەنامەکە نووسیویەتی: ئەو دەستگیرکردنانە بەرهەمی ئەو رێککەوتنەیە کە «ئۆلاف شۆڵز» راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەردانەکەی  چەند هەفتەی رابردوویدا بۆ ئەنقەرە، ئیمزای کردبوو لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، لەبەرامبەر ئەوەدا تورکیا دەبێت ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرە تورکانەی خۆی وەرگرێتەوە کە ئەڵمانیا بەنیازە دیپۆرتی وڵاتی خۆیان بکاتەوە.
Junge Welt

 


هەناردەی چەک بۆ ئیسرائیل زیادیکردووە


بەپێی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا، لەمساڵدا وڵاتەکەی بەبەهای 131 ملیۆن یۆرۆ زیاتر چەک و جبەخانەی بۆ ئیسرائیل هەناردەکردووە.
 ئەمەش لەچاو ساڵی رابردوودا زیاتربووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بەبەهای 5 ملیۆن یۆرۆی هەناردە کردبوو.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی dpa

 

 


بانگهێشتی باڵیۆزی روسیا دەکرێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بانگهێشتی باڵیۆزی روسیای لە بەرلین کرد و ناڕەزایی وڵاتەکەی پێڕاگەیاند لەبارەی دەرکردنی دوو میدیاکاری کەناڵی تەلەفزیۆنی ARD.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە: ئازادیی کارکردنی رۆژنامەنووسان، لە ئەولەویەتی پرەنسیپەکانی ئەوروپایە و روسیا پێی هەرس ناکرێت، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەو هەڵوێستەی، بۆ کاردانەوەی دەرکردنی چوار رۆژنامەنووسی وڵاتەکەی گەڕاندەوە کە لە ماوەی رابردوودا لە بەرلینی پایتەخت لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەرکرابوون. 
Suddeutsche Zeitung 

 


پوتین داوای لێبووردن لە مێرکل دەکات

لە دوای بڵاوبوونەوەی چەند پەرەگرافێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەنجێلا مێرکل کە تیایدا باس لە دیدارێکی ساڵی 2017ی دەکات لەگەڵ فلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا کە لەکاتی دانیشتنەکەدا پوتین بۆ دەرخستنی هەیبەت و ترساندنی مێرکل، سەگەڕەشە زلەکەی لەگەڵ خۆی دەباتە ژورەوە و راوێژکاری ئەوسای ئەڵمانیای پێ نیگەران دەکات، پوتین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا داوای لێبووردن لەو خانمە دەکات و پێی دەڵێت: نەمزانی لە سەگ دەترسیت، ئەگەر ئەمجارە هاتیتەوە قەت شتی واناکەم، مێرکل لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: ئەو رۆژە زۆر لەو سەگە کەتەیە ترسام، بەڵام لەبەردەم کامێراکاندا قەت خۆم نەشڵەژاند و ئاسایی رەفتارم کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان