لە سوریا چی روودەدات؟
لە دوو سێ رۆژی رابردوودا گروپە چەکدارەکانی وەک تەحریری شام هاوپەیمانەکانیان، لە شەڕێکی کتوپڕدا لەگەڵ سوپای رژێمی سوریادا، توانیان هەردوو شاری حەلەب و ئیدلیب کۆنترۆڵ بکەن و پاشەکشە بە هێزەکانی سەربە ئەسەد بکەن، بەپێی فرانس پرێس بێت ئێستا ئەو گروپانە تەواوی حەلەبیان کۆنترۆڵکردووە و سوپای سوریا کشاونەتەوە، هەروەک دەوترێت زیاتر لە 65 گوند و شارۆچکەی ناوچەی حەلەب و ئیدلبیان کۆنترۆڵکردووە و هێشتاش لەپێشڕەویدان.
هەرچی سوپای سوریاشە بەردەوام بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا هێرشی پێچەوانە دەکاتە سەریان و دەیان ئامانجیان پێکاوە ئەوەش بە پشتبەستن بە زانیاریی روانگەی سوریا.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت تائێستا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
سیناریۆیەکی گوماناوییە
رۆژنامەی (جمهوریەت)ی تورکیاش دەڵێت: هێرشەکەی سەر حەلەب جێی گومانە، چونکە تەنها دوو رۆژ لەدوای ئاگربەستی لوبنان، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەیەکی نوێی شەڕیان لەسوریا کردەوە ئەوەش لەکاتێکدا کە ئیسرائیل رۆژانە هێرشی ئاسمانی تێدا ئەنجامدەدات، کەواتە حەلەب بەرەیەکی نوێیە نەک تەنها بۆ گروپە «جیهادییەکان»، بەڵکو بۆ ئیسرائیلیش.
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، هەر لە سەرەتاوە ئیسرائیل هاوبەشی سروشتیی ئەو گروپانە بووە لە سوریا و ئەو هێرشەی گروپی (تەحریر شام) کە بە سێبەری تورکیا ناسراوە ئەو واقیعە دەردەخات کە هەڵوێستی حکومەتی ئەردۆغان دژبە ئەسەد بەشێوەیەکی کاریگەر تورکیا دەخاتە هاوتای ئیسرائیلەوە.
دەستی تورکیای لەپشتە
بەپێی ریپۆرتاژێکی رۆژنامەی تاگسشپیگلی ئەڵمانیاش، حکومەتی تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو چەکدارانە هەڵکردووە و پێشتر ئاگادارە، چونکە دەیەوێت هەمیشە هەژموونی لەو ناوچانەدا هەبێت تا لەو رێگەیەوە دیمەشق لاوازبکات، بەڵام بەڕەسمی ئەنقەرە رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەهیچ شێوهیهك دهستی لەپشت ئەو رووداوە نوێیانەی سوریاوە نییه.
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە مەبەستی تورکیا لەوە دەست گەیشتنە بە هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا کە ماوەیەکی زۆرە بەرەنگاری گروپە رادیکاڵەکانی دۆستی تورکیا بوونەتەوە، چونکە بەوتەی بەرپرسانی تورکیا ئەوە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە و گۆڕانکاریی لەو ناوچەیەدا روودەدات و دەیەوێت زوو دەستی خۆی لە « هەسەدە» بووەشێنێت.
کارەساتی گەورە
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی عەرەبیش پێیوایە، هێرشەکە تەنیا لە دژی دیمەشق نییە، بەڵکو دژی ئێران و روسیاشە کە هاوشانی ئەسەد لەوێ ئامادەییان هەیە و پێشتر ئامادەیی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە کراوە، ئەوەش روونە کە «جیهادییەکان» سوود لەو نائارامییە وەردەگرن کە لەئەنجامی شەڕی لوبناندا هاتۆتە ئاراوە و ئێران و حزبوڵڵای لوبنان تێیدا لاوازبووە.
رۆژنامەکە پێیوایە ئەگەر ئەو گروپانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوا گەورەترین کارەسات بەسەر سورییەکاندا دێت.
ئاگربەستی ئیسرائیل- لوبنان
هەفتەی رابردوو ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیەندرا، لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی HAARETZ – ی ئیسرائیل نووسیوێتی: جەنگێکی دیکە وا خەریکە کۆتایی پێدێت، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکی سیاسی پێی دڵخۆش بێت، لەدوای ئەو هەموو کوشتارەش، کەس براوەی جەنگەکە نەبوو.
رۆژنامەکە دەشپرسێت لەدوای جەنگ ئایا ئێستا ئیسرائیل شوێنێکی سەلامەتە، ئایا ناوبانگی نێودەوڵەتی و ئابووری و باری دەروونی خەڵک باشتر بووە، ئایا لە زیان و ئاشوب و ماڵوێرانی هیچ شتێکی تازە روویداوە؟ رۆژنامەکە پێیوایە کاتێک ئیسرائیل سەرکەوتوو دەبێت و ئارامی و ئاسایشی سەقامگیر دەبێت کە دادپەروەری بۆ فەلەستینییەکان بێتەدی.
هاوسەنگیی هێز گۆڕدرا
گۆڤاری WALL STREET JOURNAL -یش بۆچوونێکی تری هەیە و دەنووسێت: «ئەو ئاگربەستە سەرکەوتنێکە بۆ ئیسرائیل، چونکە بریکار و ئەوانەی سەربە ئێرانن لە لوبنان، لە شەڕەکە دەکشێنەوە و حەماس بەتەنیا لە کەرتی غەززەدا دەمێنێتەوە، رێککەوتنەکە چارەسەرێکی ریشەیی نییە، چونکە ئەگەر حزبوڵڵا خۆی چالاک بکاتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی دیکە شەڕ هەڵبگیرسێتەوە، تەنها سەرکەوتن ئەوەیە گۆڕانکاریی لە هاوسەنگیی هێزدا روویداوە.
ناوبژیی ترەمپ لە جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا
بەگوێرەی میدیاکان دۆناڵد ترەمپ نیازی وەستاندنی جەنگی روسیا- ئۆکرانیای هەیە بۆیە «کیس کیلۆگی» جەنەڕاڵی خانەنەشینی وەک ناوبژیوان داناوە.
رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگێماینەی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە، پلانێک هەیە کە لە بەهاری داهاتوودا جەنگەکە کۆتایی پێبێت، سەرەنجام ئۆکرانیا هەموو خاکەکانی وەرناگرێتەوە و دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژتر چاوەڕوانی ئەندامێتی ناتۆ بکات، ئەمەش دەبێتە پچڕانێک لەگەڵ سیاسەتی ئێستای خۆرئاوا کە ئامانجی لاوازکردنی روسیایە. دەشنووسێت ئاسان نییە کە ئەوروپاییەکان بتوانن ئەوەیان قبووڵ بێت.
بورهان ئەمین ئامادەی دەکات