«هێزەکانی دیمەشق بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان»
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی سانا هێزەکانی سەربە سوپای سوریا لە بەرەکانی جەنگ لە دەوروبەری هەردوو شاری حەلەب و ئیدلیب بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە لەژێر چەتری گروپی (بەرەی نوسرە) دا کۆبوونەتەوە و بەچەندین جۆر چەکی قورس و مامناوەند و درۆنەوە بەردەوامن لە هێرشەکانیان، ئەوە جگەلەوەی چەندین گروپی گەورەی تیرۆریستی بیانیان لەگەڵدایە.
لەو رووەشەوە فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە گورزی گەورە لەو هێزە پەلاماردەرە بووەشێنن و زیانی زۆری گیانی و ماددیان لێبدەن کە بەسەدان کوژراو و بریندار مەزەندە دەکرێت و دەیاب ئۆتۆمبێل و زرێپۆشیان تێکشکێنراوە و 17 درۆنیشینان خراوەتە خوارەوە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە کە «تیرۆریستەکان لە رێی سەکۆ جیاجیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی گومڕایانە و ساختە بڵاودەکەنەوە بۆ بەلاڕێدا بردن و تۆقاندنی هاووڵاتیان.
جەنگی حەلەب درێژەی جەنگی لوبنانە
رۆژنامەی (الوطن)ی چاپی سوریا رایگەیاندووە: ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ رێکخراوی بەرەی نوسرە و رێکخراوە هاوپەیمانەکانی هەڵکردووە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (الفتح المبین)دا بۆ تەواوکردنی جەنگەکە لە سوریا لەجیاتی لوبنان.
هەرلەو رووەوە چەند سەرچاوەیەکی مەیدانی لە ناوچەکانی خۆرئاوای حەلەب تەئکید لەوە دەکەنەوە کە یەکە سەربازییەکانی سوپای رەسمیی سوریا هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆریستان، هێڵەکانی گەیاندنی هاوکاریی لۆجستیی ئەو گروپانەیان کردووەتە ئامانج لەڕێی تۆپباران و مووشەکی ئاراستەکراوەوە و توانیویانە بەشی زۆری سەنگەر و پێگەکانیان خاپوور بکەن و زیانی گەورە لە چەک و ئامێرەکانیان بدەن و تا ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
هاوکاتی ئەو بۆردومانە مووشەکییانە، هێزە ئاسمانییەکانی سوریا و روسیاش بەردەوامن لە خاپوورکردنی پێگەی هێزە تیرۆریستەکان، کە بەهۆیەوە جگە لە زیانە مادییەکان، چەندین تیرۆریستیش کوژراون بەتایبەتی لە ناوچەی ئەتاریبی خۆرئاوای حەلەب.
کریملین: ئەوەی روودەدات دەستدرێژییە بۆسەر سەروەریی سوریا
رۆژنامەی تشرین-ی چاپی سوریا لە هەواڵێکیدا لە زاری دیمیتری بیسکۆڤ – ی وتەبێژی رەسمیی کریملین-ەوە رایگەیاندووە: «ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، دەستدرێژییەکی روونە بۆسەر سەروەریی سوریا و روسیا لای خۆیەوە پشتیوانیی سەپاندنی ئارامی و سیستم دەکات لە ناوچەکە.
بیسکۆف لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان دەڵێت: وەک مۆسکۆ پشتگیریی ئەوەین کە دەسەڵاتدارانی سوریا بەخێرایی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بسەپێنێت و ئارامی و ئاسایشی تێدا سەقامگیر بکات.
فەتحوڵڵا حسێنی ئامادەی دەکات