لە میدیای توركیاوە

12:52 - 2024-12-02
جیهان
15 جار خوێندراوەتەوە


توركیا و دوایین پێشهاتەكانی سوریا

 
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكیدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی سوریا رایگەیاندووە « بە وردی چاودێریی زیادبوونی هێرشەكانی گروپە تیرۆریستییەكان لە تەلڕەفعەت و مەنبەج دەكەین كە خەڵكی مەدەنی و توركیا دەكەنە ئامانج. 
ئەوەش بەبیردێنێتەوە كە ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كراوە بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە بوونی گروپی تیرۆریستی لەو ناوچانە، جێبەجێ نەكراوە و ئەمەش نیگەرانییەكانمان زیاتر دەكات».
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە پاراستنی ئارامی لە ئیدلب و ناوچەكانی تەنیشتی، كە دەكەوێتە خاڵی سفری سنوورەكانی توركیا، پرسێكی لە ئەولەویەتدایە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە تورکیا پێیوایە ئەوەی كە توركیا لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە جیاوازەكاندا هۆشداریی پێویستیی لەبارەوە داوە سەبارەت بە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆسەر ئیدلیب، گەیشتوونەتە ئاستێك كە زیان بە رۆح و كاركردنی هاوبەشی رێككەوتنەكانی ئەستانە دەگەیەنێت و زیانی گیانی گەورەیان لێدەكەوێتەوە و داوای راگرتنی ئەم هێرشانەش كراوە و رانەگرتنیان گرژییەكانی ناوچەكەیان زیاتر كردووە.




هاكان فیدان رەتیدەکاتەوە دەستیان لەم رووداوە نوێیانەدا هەبێت

 وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆڕبەندی جیهانی TRT 2024  سەبارەت بە شەڕی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دژی دیمەشق لە حەلەب رایگەیاند، «توركیا دەستی لە ململانێكانی حەلەبدا نییە، تەنها رێوشوێنی خۆپارێزی دەگرێتەبەر و هیچ كارێك ناكەن كە ببێتەهۆی دەستپێكردنی شەپۆلێكی نوێی كۆچكردن.»
فیدان بە ئاماژەدان بەوەی كە سیستمی نێودەوڵەتی دووچاری تەحەددای سیاسی، سەربازی، ئابووری و ژینگەیی بووەتەوە، وتی: «ئێمە ئێستا بە قۆناغێكی جیۆپۆلەتیكی گرنگی ئەم ئاڵنگارییانەدا تێدەپەڕین و توركیا رۆڵی زیاتر دەگێڕێت لە دەستەبەركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جوگرافیایەكی هەستیاردا». 
وتیشی: توركیا كێشەكان دەستنیشان دەكات و چارەسەریش پێشكەش دەكات و كار بۆ گۆڕینی نەزمی نێودەوڵەتیش دەكات».
سەبارەت بە بڕیاری دەستگیركردنی نەتەنیاهو و گالانت-یش، رایگەیاند ئەوان پشتگیریی لەو پرۆسەیە دەكەن بۆ سزادانی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی غەززە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «هۆكاری سەرەكیی قەیرانی غەززە داگیركردنی نایاسایی خاکی فەلەستینە لەلایەن ئیسرائیلەوە و وتیشی: ئاشتییەكی هەمیشەیی بەبێ دادپەروەری لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بەدی نایەت».



 

ئۆپۆزسیۆنی سوریا رووبەڕووی بەرەنگاریی ئەوتۆ نەبوونەتەوە!

 دوای ئەوەی «هەیئەی تەحریری شام» كۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی سنووری حەلەبی كرد، ئاژانسەکانی هەواڵ  رایانگەیاندووە: زۆربەی ئیدلب كەوتۆتە ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو گروپە و هاوپەیمانەكانی كۆنترۆڵی زۆربەی حەلەب-یان كردووە بەبێ ئەوەی رووبەڕووی بەرەنگارییەکی ئەوتۆ ببنەوە» و لە نێو ئەو شوێنانەشدا کە کۆنترۆڵیان کردووە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبە كە لەژێر كۆنترۆڵی هەسەدە-دا بووە.
بۆ یەکەمجاریش لەدوای ساڵی 2016 وە، فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا هێرشیان كردووەتە سەر هەندێك ناوچەی شاری حەلەب، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە و ئاژانسەکان گروپە هێرشبەرەکانی ئۆپۆزسیۆن هێشتا لە پێشڕەویدان.



بابەتە پەیوەندیدارەکان