لە راگەیەنراوێكدا ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گوندەكانی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر رادەگەیەنێت ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمنی كە لە ئەنجامی رووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوای سوریا هاتووەتە ئاراوە.
ئەنجومەنەكە دەڵێت، مەترسیی جددی پەیوەست بە جوڵەی شانەكانی سەر بە تیرۆریستانی داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە نەپارێزراوەكان دروستبووە بەتایبەتی لە باكور و رۆژهەڵاتی دێرەزۆر.
دووپاتیشكردووەتەوە، هێزەكانیان بەرپرسیارن لە پاراستنی خەڵكی گوندەكانی حسێنییە و ساڵحییە و حتە و مەڕات و مەزڵوم و خشام و تابیە و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی هەسەدە كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی رژێمدان.
دووپاتیكردووەتەوە، هاتنەناوەوەی هێزەكانیان بۆ ناو ئەو حەوت گوندە لە وەڵامی بانگەوازی خۆیان دێت، ئەمەش دوای زیادبوونی مەترسییەكانی داعش بۆ سەریان.