کێشە و کەموکوڕیی بواری پەروەردە و خوێندنی کوردی لە کەرکوک

10:40 - 2024-12-03
ڕاپۆرت
59 جار خوێندراوەتەوە

بواری پەروەردە لە کەرکوک چەندین کێشەو کەموکوڕیی تێدایە، بە تایبەت خوێندنی کوردی و مامۆستایانی سەر بەر هەرێمی کوردستان، کوردستانی نوێ، بۆ خستنەڕووی ئەو کێشەو کەموکوڕییانە، دیداری لەگەڵ دوو مامۆستا و شارەزای کەرکوک کردووە.

رزگار شوانی- کەکوک

 

مامۆستا بەکر سەعدوڵلا زەند سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کارگێڕی لە کەرکوک:
لە کەرکوک کێشەی کەمی بینای قوتابخانە هەیە، لەبەر ئەوە دەبینین لە گشت خوێندنگەیەک زیاد لە دوو دەوام ھەیە، ئەوەش قەرەباڵغی دروست کردووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندکار دروست کردووە

خوێندن بە زمانی عەرەبی لە برەودایە
مامۆستا بەکر سەعدوڵڵا زەند، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کارگێڕی لە کەرکوک، لە بارەی کەموکوڕی بواری پەروەردە لەو پارێزگایە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ كێشەو کەموکوڕییەکان لە بواری پەروەردە لە کەرکوک، پێش ھەر شتێک، دەتوانین بڵێین ئێستا خەڵکی شارەکە ھەتا بۆی بکرێت منداڵ ناخاتە خوێندنی کوردییەوە، لەبەر ئەوەش خوێندن بە زمانی عەرەبی لە برەودایە، کێشەیەکی تر لە کەرکوک کەمی بینای قوتابخانەیە، لەبەر ئەوە دەبینین لە گشت خوێندنگەیەک زیاد لە دوو دەوام ھەیە ئەوەش قەرەباڵغی دروست کردووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندکار دروست کردووە.

دامەزراندن نییە لە کەرکوک
ئەو سەرپەرشتیارە هەروەها دەڵێت: دامەزراندن لە کەرکوک نییە و وانەبێژانی خۆبەخشیش کە خەریکی وانەوتنەوەن، ئەوانیش  مووچەیان نییە،  لەبەر ئەوە دەبێت ھەوڵ بدرێت بۆ دامەزراندنیان و خولی گەشەپێدانی توانای وانەوتنەوەی مامۆستایانیش لە پارێزگاکەدا زیاد بکرێت.

کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا
مامۆستا بەکر سەعدوڵڵا زەند پێشنیازی ئەوەیە،  کە خوێندنی کوردی لەو سەرلێشێواویەی ئێستا رزگار بکرێت، بەهۆی کیشە و ململانێی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق، مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردیش لە کەرکوک هاوتای مامۆستایانی عیراقی لێ بکرێت.

 

مامۆستا عادل عومەر، شارەزا لە بواری پەروەردە لە کەرکوک:
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە روانگەی گرنگیدانی بە کەرکوک و خوێندنی کوردی لەم شارە، دەکرێت لەسەر ئەم پرسە پرۆژەی درێژخایەن و زانستیی دابنێت و هیوایەک بە پرۆسەکە ببەخشێت


کێشەکانی پەروەردەی کەرکوک
مامۆستا عادل عومەر، شارەزا لە بواری پەروەردە لە کەرکوک، سەبارەت بە کێشەکانی بواری پەروەردە لە پارێزگاکە بەتایبەت خوێندنی کوردی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: سەبارەت بە خوێندنی کوردی لە کەرکوک یان پرۆگرام و ئامانجەکانی، سەرەڕای ناڕوونی و گرنگی نەدان بە ئامانجی خوێندن، بەتایبەتی کوردی، کە تەنها ئامادەکردنی فێرخوازانە بۆ تاقیکردنەوە، واتا گواستنەوەی زانیارییە و بیر فێر دەکرێن، بەڵام بیرکردنەوەو هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن، هەژانی هزری فەراهەم ناکرێت بۆیان.
ئاماژەی بەوەش کردو وتی: هەرچەند مووچەی مامۆستایان دوادەکەوێت، ئەوەش کاریگەریی هەبووە بەسەریانەوە، بەڵام مامۆستایان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە، کێشەی مامۆستایانی هونەر هەیە، بە هۆی نەبوونی وێنەگاو پشتگوێخستن و بەکارهێنانی وانەکانی وەرزش و هونەر بۆ وانەکانی تر و بۆ پیاگەیشتن بە تەواوکردنی ئەو وانانە، ئەمەش لە دەرهاویشتە نەرێنییەکانی دوو دەوامی و سێ دەوامییە لە خوێندنگاکانی کەرکوک .

ئاستنەگەکانی بەردەم خوێندنی کوردی
مامۆستا عادل عومەر ئەوە روون دەکاتەوەو دەڵێت: گرنگترین و کاریگەرترینی ئاستەنگەکان، بۆ پاشەڕۆژی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، نەبوون یان کەمی وەرگرتنە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە چ جای کێشەی زمان بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی عیراق، جگە لە ساردبوونەوەی خوێندکار لەوەی دامەزراندن نییە و هەلی کار بۆ پسپۆرییەکەی نییە، تەنانەت هیچ پرۆژەیەک لە ئاسۆدا دیار نییە بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە روانگەی گرنگیدانی بە کەرکوک و خوێندنی کوردی لەم شارە، دەکرێت لەسەر ئەم پرسە پرۆژەی درێژخایەن و زانستیی دابنێت و هیوایەک بە پرۆسەکە ببەخشێت، لەم روانگەیەوە پێشنیار دەکەم :
1- بودجەیەک تەرخان بکرێت بۆ دروستکردنی قوتابخانەی سەردەمییانە.
2- زۆرترین ژمارە لە دەرچووانی شەشەمی ئامادەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێن.
3- دامەزراندنی مامۆستایانی کورد لە دەرچووانی زانکۆکان لە کەرکوک،.
4- هەوڵدان بۆ دروستکردنی هۆڵی تاقیگە و وێنگا و(مرسم) و کتێبخانە و گۆڕەپانی وەرزشی و باخچە و سەوزکردنی فێرگەکان .
5- گرنگیدان بە بژێوی مامۆستایان لە کەرکوک.
6- زۆربەی فێرگەکان کارگوزار و پاسەوانی شەوانەیان نییە، پێویستە رەچاوی ئەم خاڵە و ئەم بێ خزمەتییە بکرێت لە خوێندنگاکان، دەتوانرێت ژمارەیەک زۆر لەو گەنجانەی بێ کارن وەکو کارگوزار دابمەزرێنرێن.
7 -بەردەوام خولی شیاندن بۆ کارگێڕیی فێرگەکان بکرێتەوە.
8- گرنگی بدرێت بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار لە خوێندنگاکان، ئەمەش بە دابینکردنی شوێن و کتێب بۆ خوێندنگاکان.
9- پرۆسەی فێرکردن ببێتە خاڵی دەسپێکی بەرەوپێشەوەچوونی ئەم نەوەیە و کۆمەڵگەو وڵات.
ئەم هەنگاوانە لە  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاوەڕوان دەکەین لە کەرکوک، گومانیشمان نییە کە پێی دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان