حسێن عەزیز
دوێنێ لە خانەقین، بە ئامادەبوونی شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین و ژمارەیەک لە رۆشنبیران و کەسایەتییەکانی خانەقین و هاوڕێیان، یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی رووناکبیر و سیاسەتمەدار مامۆستا (موحسین عەلی ئەکبەر) کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین لە وتەیەکیدا تیشکی خستەسەر وێستگەکانی خەبات و تێکۆشانی مامۆستا موحسین لە خەباتی نهێنی و ناوشار و پەیوەندییکردنی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هەروەها وەکو هونەرمەند و خۆشنووس، تا سەرجەم ئەو پلەوپۆستانەی لە حزب و حکومەت بەدەستیهێناون، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین بووە، کۆتا کاریشی کردنەوەی ناوەندی کلتوری و رۆشنبیریی خانەقین بوو کە دیارییەکی جوان و مێژووییە بۆ خانەقین.
لەوبارەیەوە، لەمیعە محەمەد کارگێڕی مەڵبەندی رێکخستنی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستانی نوێ- ی راگەیاند: بەبۆنەی سێیەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر، رێوڕەسمێکی شایستە بەڕێوەچوو.
لەکۆتاییدا، ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە سەردانی مۆزەخانەی کلتوری خانەقینیان کرد کە مامۆستا موحسین دایمەزراندووە و لەبەردەم پەیکەری مامۆستا، تاجەگوڵینەی رێز و وەفایان دانا.