هێمن ئەحمەد
لەسەر راسپاردەی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، هەڵمەتی دانانی محاویلەی كارەبا بۆ گەڕەكەكانی كەركوك دەستیپێكرد.
لەوبارەیەوە، دانیاڵ هەمەوەندی جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەرەتای هەڵمەتەكە لە گەڕەكی پەنجاعەلییەوە دەستیپێكرد و دواتر گشت ئەو گەڕەكانە دەگرێتەوە كە پێویستیان بەدانان یان گۆڕینی محاویلەی كارەبا هەیە، وتیشی: هۆكاری كەمبوونی رێژەی كارەبای نیشتمانی لە كەركوك و سەرجەم پارێزگاكانی عیراق، بۆ وەستانی غاز دەگەڕێتەوە، كە ئێستا سەرقاڵی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانن و ماوەی 15 رۆژ دەخایەنێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا تیمەكانیان سەرقاڵی دانانی ستونی كارەبان و تا كۆتایی ساڵ سەرجەم شەقامەكانی كەركوك و دەوروبەی رووناككەرەوەكانی چاك دەكرێنەوە.