״ئەوەی لە سوریا هاتۆتەپێش هاوكاتی وەستاندنی جەنگی لوبنانە״
رۆژنامەی (الوطن) بڵاویكردەوە كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی لوبنانی تەلال ئەرسەلان تەئكیدی كردۆتەوە لەسەر هاوكاریی عەرەبی بۆ سوریا و سەركردەكانی لەم بارودۆخە تازەیەدا كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەسلان ئەوەشی راگەیاندووە: ئەوەی لە سوریا هاتۆتەپێش هاوكاتە بە وەستاندنی جەنگی لوبنان و بەو هۆیەوە سوریا كەوتە بەردەم هێرشێكی گەورەی تیرۆریستان، ئەوەش لەكاتێكدا ئەوان چەكی پێشكەوتوو و گەورەیان دەستكەوتووە، واتا ئەوان لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیی و هەرێمییەوە هاوكاری دەكرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانێتیی هێزی بەرگریی فەلەستینی رایگەیاندووە: هاوشانی سوریا دەوەستین بۆ كۆتاییپێهێنان بە رەنگڕێژكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی تازە لە ساڵی 2011وە، بەڵام هاووڵاتیانی سوریا بەشێوەیەكی بەرچاو رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە بوونەتەوە لەماوەی 13 ساڵدا، هەموو ئەو هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەش كە لە جەنگی سوریادا بەشدارن نەیانتوانیوە ئیرادە و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خاكی سوریادا بسەپێنن.
دەرهاویشتەكانی هێرشی گروپە تیرۆریستییەکان
رۆژنامەی (تشرین) بڵاویكردەوە، د.محەمەد جەلالی سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاندووە كە دەنگۆی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی زلهێز و هاوكاریكەرانی تیرۆر و نابێت ئێمە رابكێشنە ناو ئەو دەنگۆیانەوە، ئێمە بڕوا و متمانەیەكی گەروەمان بە هێزە چەكدارەكانمان هەیە بۆ لێدان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی دوژمنمان كە ئەوەش ئامانجی هەموانە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی: ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنێكی تایبەتدا گفتوگۆی لەسەر دەرهاویشتەكانی هێرشی گروپە تیرۆریستییە چەكدارەكان كرد كە بەرەی نوسرە سەركردایەتییان دەكات، ئەو گروپانە ئامراز و چەكەكانی دەستیان تۆماركراوە لەسەر تابلۆ تیرۆریستییەكانی جیهان و لەسەر خاكی نیشتمانی سوریا و حەلەب و ئیدلیب، پێشهاتەكانیش پەیوەستە بە دۆخی مرۆیی و خزمەتگوزارییەكانەوە كە هۆیەكەی بۆ هێرشی ئەو گروپە تیرۆریستییانە دەگەڕێتەوە.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە تەواوی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئاوارەكان دابین بكرێت.
ئەسەد و عیراقچی كۆبوونەوە
رۆژنامەی (الثورة) بڵاویكردەوە، سەرۆكی سوریا لە میانی پێشوازیكردنی لە عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە سوریا وەك دەوڵەت و سوپا و گەل بەهەموو هێز و توانایەكەوە بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەسەر خاكی سوریا، ئەسەد جەختی لەوەشكردۆتەوە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی بناغەكەیان و وشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر، بەتەنها خزمەتی سوریا و هاووڵاتیانی ناكات، بەڵكو خزمەتە بە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكە.
ئەسەد رایگەیاندووە، گەلی سوریا لە چەند ساڵی رابردوودا توانییان رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە بەهەموو شێوەیەك و ئەمڕۆش لەهەموو كات زیاتر رێكخراوتر و ئامادەترن بۆ بنبڕكردنی تیرۆر، ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوكاریی هاوپەیمان و هاوڕێكانمان گرنگە بەرامبەر هێرشی تیرۆریستە هاوكاریكراوەكان لەدەرەوە و كۆتاییهێنان بە پیلانەكانیان.
لای خۆشییەوە عیراقچی نامەیەكی سەركردە ئێرانییەكانی گەیاندۆتە ئەسەد و رایگەیاندووە، هەڵوێستی ئێران جێگیرە شانبەشانی سوریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشكەشكردنی ئامادەیی تەواو بە حكومەتی سوریا بۆ ئەو مەبەستە.