کەموکوڕی هەیە و پێویستیی بە هاوکاریی زیاترە

سەنتەری پەروەردەیی پێشوەختی هەڵەبجە

10:15 - 2024-12-04
ڕاپۆرت
168 جار خوێندراوەتەوە
سەنتەری پەروەردەیی پێشوەختی هەڵەبجە ئەمساڵ 18 منداڵی لەخۆ گرتووە

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


سەنتەری پەروەردەیی پێشوەختی هەڵەبجە، لە ساڵی 2007 دامەزراوە، ساڵی 2014 بە هەوڵی هێرۆخان بینایەكی تایبەتی بۆ كرایەوە، لە سەنتەرەكەدا راهێنان بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكرێت، بەڕێوەبەری سەنتەرەكەش دەڵێت: پێویستیان بە چاودێری زیاترە بۆ سەنتەرەكە.
‎دایكی موئەنەس منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی لە سەنتەری پەروەردەی پێشوەختی هەڵەبجەیە بە كوردستانی نوێی وت: كوڕەكەم تەمەنی سێ ساڵە، ماوەی ساڵێكە لەم سەنتەرەدا دەوام دەكات، رۆژانە سەعات حەوتی بەیانی لە قەزای سەیدسادقەوە بەڕێ دەكەوم بۆ سەنتەرەكە و لەگەڵ منداڵەكەمدا دەمێنمەوە تا كاتەكە تەواو دەبێت، سەنتەرەکە هاوکارمانە لە فێركردن و راهێنانی منداڵەكانماندا.
‎وتیشی: گرنگە لەلایەن حكومەتەوە ناساندن بۆ ئەم جۆرە منداڵانە بكرێت لە كۆمەڵگەدا، هەروەها لە قەزای سەیدسادق منداڵێكی زۆری هاوشێوەی منداڵەکەمی لێیە، بەڵام تائێستا هیچ سەنتەرێكی نییە، بە ناچاری رۆژانە دەیان كیلۆمەتر دەبڕین بۆ شارێكی دیكە تا منداڵەكانمان بەرینە سەنتەری راهێنان.

منداڵانی سەنتەرەکە
ئەكبەر کەریم یەكێك لە مامۆستاكانی سەنتەرەكەیە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سەنتەرەكەدا پرۆگرامەكان فێری خێزانەكان دەكەین، هەروەها راهێنان و فێركاری بە منداڵەكانیش دەكەین.
‎وتیشی: لە ساڵی 2007ەوە تائێستا هەر ئەم ستافەین کاردەکەین، پێویستمان بە ستافی نوێ و چاودێری زیاترە، بۆئەوەی منداڵەكان بەردەوامبن و دانەبڕێن داواكارم زیاتر هاوكاریی سەنتەرەكە بكرێت.
‎سوران كوێخا بەڕێوەبەری سەنتەری پەروەردەی پێشوەختی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سەنتەرەکەدا منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵ وەردەگرین و ساڵانی رابردوو سەنتەرەكەمان نزیكەی 50 منداڵی تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ 18 منداڵمان هەیە، لەبەرئەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە هەڵەبجە كراوەتەوە و بەشێک لە منداڵەکان نێردراون بۆ ئەوێ، دەرگامان بەڕووی هیچ خێزانێكدا دانەخستووە.
‎منداڵی ئۆتیزم، داون سێندرەم، شەلەل دەماخ، فرەجوڵە، نابیست و ناگۆ، هەروەها ئەو منداڵانەی گرفتی قسەنەکردنیان هەیە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئایپاد و مۆبایلەوە یاخود هەركێشەیەكی دیكەی هەبێت لەم سەنتەرەدا جێگەی دەبێتەوە و راهێنانیان پێدەکرێت.

گرفتەکانی سەنتەرەکە
سوران كوێخا دەڵێت: ئەو منداڵانەی لە سەنتەرەکەدا راهێنانیان پێدەکرێت، ئەگەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا گۆڕانکارییان بەسەردا هات و دۆخیان باش بوو دەیاننێرینە باخچەی ساوایانی ئاسایی هەروەها خۆشمان سەرپەرشتی دەكەین.
وتیشی: خوێندكارمان هەبووە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە و خوێندکاریشمان هەبووە ئێستا لە پەیمانگەی كۆمپیوتەرە و زۆر سەركەوتووە،  سوپاس بۆ خوا نەتیجەی باشمان هەیە.
مامۆستایانی سەنتەرەکە پێشتر لەلایەن راهێنەرێکی نیوزلەندییەوە وانەی پەروەردەی تایبەتیان پێ وتراوە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکاندا.
سەنتەری پەروەردەیی پێشوەختی هەڵەبجە تائێستا لەناو وەزارەتی پەروەردە ناساندنی بۆ نەكراوە، هەروەها بودجەی خەمڵێنراوی تایبەت بەخۆی نییە کە داواکارن بۆیان بکرێت.
بەڕێوەبەری سەنتەری پەروەردەی پێشوەختی هەڵەبجە دەڵێت: پێویستمان بە دابینکردنی چەند یارییەكی منداڵانەیە بۆ باخچەی سەنتەرەكە، بەردەوام پێویستمان بە پاكەرەوەكان و دایبی و كلینیكسی تەڕ هەیە بۆ منداڵان، هەروەها  پێویستمان بە دابینکردنی پاكەرەوە و شامپۆ هەیە  بۆ سەنتەرەکە.
‎وتیشی: ئەمساڵ نزیكەی نۆ ملیۆن دینار بۆ سەنتەرەکە خەرجکراوە، بۆ گۆڕینی، كومبارەكان و پەردەكان، دابینکردنی ئامێرە کارەباییەکانی جلشۆر، قاپشۆر، سپلیت و گسكی كارەبایی، ئەمانە بە هاوکاری پارێزگاری هەڵەبجە لە رێگەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە بۆمان دابینکرا، بەڵام هێشتا کەموکوڕیمان هەیە و پێویستمان بە هاوکاری زیاترە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان