د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازی لە حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە عیراق و جیهان، كرد و لە دیدارێكدا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكان تاوتوێكران و باس لە هەوڵەكان كرا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بە پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كرد بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی عیراق و هاووڵاتیان. جەختیشی لەسەر گرنگیی دووبارەكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەرجەم عیراقییەكان بەگشتی و ئێزدییەكان بەتایبەتی كردەوە و داوایكرد بەهاكانی پێكەوەژیانی برایانە بەرز رابگیرێن و رۆڵیان هەبێت لە بنیاتنانی عیراقێك هەمووان لەخۆبگرێت.