سەرۆک کۆمار پێشوازی لەوەزیری دەرەوەی سوریا کرد

04:08 - 2024-12-06
عیراق
106 جار خوێندراوەتەوە

 د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازی کرد لە بەسام سەباغ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سوریا و وەفدی یاوەری.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەرتاسەری ناوچەکە کرا و سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزێت و هۆشداریشی دا لە ئاکامەکانی ئەم رووداوە ئەمنیانە کە پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

سەرۆک کۆمار هەڵوێستی عیراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا دووپاتکردەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کرد کە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێک کە ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا دەستەبەر بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق هەموو هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات. 

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکانی ئێستای سوریا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و سوپاسی هەڵوێستەکانی عیراقی کرد لە پشتیوانی سوریا .

وەزیری دەرەوەی سوریا باسی  ئەو پەیوەندی و ڕاوێژانەی کرد کە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا و تەئکیدیشی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان