بازاڕی مامەڵەی ئۆتۆمبێل سست بووە

09:34 - 2022-07-17
ڕاپۆرت
637 جار خوێندراوەتەوە
#خراپیی دۆخی سیاسی و ئابووری هۆکاری سستیی بازاڕەکەن

هەولێر- رەوەست نەوزاد

بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل یەکێکە لە گرنگترین و فراوانترین بازاڕەکانی شاری هەولێر، رۆژانە سەدان کەس بە مەبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر رووی تێدەکەن، لە سەدان پیشانگەی ئۆتۆمبێل پێکهاتووە و رۆژ بە رۆژ بەهۆی دروستکردنی پیشانگەی تازە رووبەری بازاڕەکە فراوانتر دەبێت و بە هەزاران کەس بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو بازاڕەیە، بەڵام ماوەیەکە بەهۆی چەند رووداوێکی سیاسی و ئابووری هەرێم و عیراق و جیهان، جموجۆڵی کڕین و فرۆشتن بەرەو سستی رۆیشتووە و کاسبکارانیشی بەو دۆخە نیگەرانن.
حەیدەر عەباس کاسبکاری ئەو بازاڕەیە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی زۆری لێدراوی ئەمریکی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان لەلایەن هاتوچۆی هەرێم ژمارەیان پێنادرێت کە هەندێکیان (شاسی) یان (بەتانە) یان لێدراوی هەیە لە مەزرەکان پارەیان لێوەردەگرن، بەڵام کە هاتە ناوەوە ژمارەیان پێنادەن، هەروەها خراپی دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق و کەم هێنانی ئۆتۆمبێل لەوڵاتی ئیمارات، هۆکارەکانی سستی بازاڕەکەن، ئێستا بە مانگێک دوو ئۆتۆمبێل نافرۆشم.
گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل
جگە لە خراپی دۆخی بازاڕی ئۆتۆمبێل، نرخیشیان گران بووە، لەوبارەیەوە حەیدەر روونیدەکاتەوە کەمی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوە و بەتایبەت وڵاتی ئیمارات هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل و وتیشی: لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نرخی ئۆتۆمبێل بەرزبۆتەوە، بۆیە لە هەولێر هەر ئۆتۆمبێلێک 1000 تا 3000 هەزار دۆلار نرخەکەی بەرزبۆتەوە کە هەردوو جۆری ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتری کۆمپانیاکان و ئۆتۆمبێلە بەکارهاتووەکانیش گران بوون،  بیستووشمە دەڵێن، هۆکاری بەرزبوونی نرخەکانیان بۆ گران بوونی نرخی ئاسن لە جیهان دەگەڕێتەوە.
ئەو کاسبکارە باسی لەوەشکرد، سەرەتا  واماندەزانی مامەڵەی تازەی بەناوکردن و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل کە پێی دەوترێت ئەلیکترۆنی، کە ماوەیەک کێشەو دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکردبوو، کاریگەری خراپی لەسەر کارەکەمان هەیە، بەڵام دەرکەوت شتێکی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە، چونکە کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەکڕیت گرێبەستێک لەگەڵ خاوەن ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکە دەکەیت، راستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ مامەڵەت بۆ دەکەن و هیچ کێشەیەکی نابێت کارەکەش قورس نییە تەنها ئەوەیە لە بەڕێوەبەرایەتیەکە 25 هەزار دینار دەدەیت. 
پشتیوان محەمەد، خاوەن پیشانگەکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر وتی: گرانبوونی نرخی بەنزین هۆکاری سستی بازاڕەکەیە و هەروەها هۆکارێکی تری خراپی بازاڕەکە  بۆ بەئامانجگرتنی کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمە، جگە لە ئێمە بازرگانە عەرەبەکانی ئۆتۆمبێلیش ئێستا کەمتر دێن بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل لە کوردستان، ئەمەش هۆکارێکی تری نەمانی بازاڕە کە ئەوانیش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی سیاسی عیراق کەمتر ئۆتۆمبێل دەکڕن.
 ئەو خاوەن پیشانگەیە وتیشی: ماوەی 25 رۆژە %50ی جموجۆڵی بازاڕەکە کەمبۆتەوە کە پێشتر رۆژانە  5 – 6 گرێبەستی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلمان دەنووسی، ئێستا ئەگەر یەک گرێبەست بنووسین کە %90 کڕیارەکانیش عەرەبن.
 دەربارەی نرخەکانیش پشتیوان خاوەنی پیشانگەی ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوەکرد، ئۆتۆمبێل هەر لە کۆمپانیاکانیش نرخیان بەرز بووەتەوە جگە لەوە جۆری بەکارهاتووش گران بوون کە هەر ئۆتۆمبێلێک 500 تا 700 دۆلاری چۆتەسەر ئۆتۆمبێلی گرانبەهاش نزیکەی 10 هەزار دۆلار گران بووە کە هۆکارەکەی بۆ گرانی نرخ لە جیهاندا دەگەڕێتەوە هەروەک هۆکاری تری گرانیەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پارچەکانی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە کە پێشتر نرخی گێڕی ئۆتۆمبێل 500 دۆلار بوو، کەچی ئێستا بۆتە 700 دۆلار.
بازاڕەکە بە تەنها پەیوەست نییە بەمووچەوە
ئەوەشی ئاشکراکرد بازاڕی ئۆتۆمبێل بەردەوام پەیوەستبووە بە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و عیراق و جیهان هەر هەواڵێکی خۆش هەبێت راستەوخۆ بازاڕەکە باش دەبێت ئەگەر هەواڵەکانیش خراپ بن، ئەوا بازاڕ نامێنێت هەرچەندە ئێستا مووچەش باشتر بووە و دواناکەوێت، بەڵام بازاڕەکە هەر پەیوەست نییە بەمووچەوە.
جەمال عومەر یەکێکە لەو بازرگانانەی ئۆتۆمبێل کە لە وڵاتی ئیماراتەوە ئۆتۆمبێلی لێدراوی ئەمریکی دەهێنێتە هەرێمی کوردستان، ئێستا تووشی کێشەی پێنەدانی ژمارە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی بووە لەلایەن هاتووچۆی هەولێرەوە وتی: شەش ئۆتۆمبێلم لە دوبەی هێناوەتە هەولێر بردم بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تۆماریان بکەم و ژمارەیان بۆ ببەستم، بەڵام کارەکەیان بۆ نەکردم و وتیان (شاسی) ئۆتۆمبێلەکەت لێدراوی هەیە و ژمارەی بۆ ناکەن لەکاتێکدا یەک پارچەی ئۆتۆمبێلەکەم لێدراوی هەیە.
ئەو بازرگانە وتیشی، لە هاتوچۆی هەولێر پێیان وتم تۆمارکردن و پێدانی ژمارە بەئۆتۆمبێلەکانت رەتکراوەتەوە و کارەکەت راگرە  تا بڕیاری تر دەدەین کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر دەکەم ئێستا تەنیا یەک ئۆتۆمبێلیان 18 هەزار دۆلار لەسەرم کەوتووە ئەگەر بەو شێوەیەش بیفرۆشمەوە کەس لێمناکڕێت و پێیانم وت کە هێنام بۆچی رێگاتان پێدام بیهێنمە ناو هەرێم، کەچی ئەوان هیچ وەڵامێکیان نەبوو تەنیا دەڵێن بە گوێرەی یاسا ناتوانین کارەکانت بۆ بەڕێبکەین کە ماوەی ساڵێک زیاترە ئەو کێشەیەم هەیە و چارەسەر نەکراوە و چارەنووسیشیان دیارنییە بەگوێرەی زانیاریەکان نزیکەی 6 هەزار ئۆتۆمبێل هەن لەناو هەرێم هەمان کێشەیان هەیە.
هاوکات عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیواخوازین چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمن و مامەڵەی رەقەمیان بۆ ناکرێت لەم ماوەیەدا یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کردووە، بەڵام ئێستا ناتوانین ناوەڕۆکەکەی رابگەیەنین کە چارەنووسیان چی لێدێت کە ژمارەیان 1000 تا 7000 ئۆتۆمبێلە لە هەموو هەرێم کە ئامارێکی دروستمان لەسەر ژمارەیان نییە. 
وتیشی: هۆکاری رایی نەکردنی مامەڵەکانیان لەلای ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە لێدراوییان هەیە و زیان لە شاسی ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە یانهەندێکیان بڕاوەیە و لەحیمێکی زۆریان بۆ کردووە، بۆیە پێشتر هێنراوەتە هەرێم و رێگریان لێ نەکراوە،  ئێمە پشت بە راپۆرتی کۆمپانیاکانی COC بەستووە کە بڕوانامەیان داوەتە ئەو ئۆتۆمبێلانە و دەڵێن، هەموویان بێ کێشەن دواتر کە دەهێنرێنە لەلای ئێمە ئەو عەیبانەیان لێدەردەکەوێت، هەرچەندە لە سنوورەکان ئێمە پۆلیسی هاتووچۆمان هەیە، بەڵام ئەوانیش بەهۆی کەشوهەوای گەرما و سەرما کارەکەیان قورسە کە ئۆتۆمبێلەکان هەموویان لەسەر لۆری بارهەڵگرە و لەوانەیە نەتوانن بەشێوەیەکی باش هەموو ئۆتۆمبێلەکان پشکنینیان بۆ بکەن.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان