لولاڤ خالید داود مزوری، چالاكوانێكی دیاری مافەكانی ژنانە لە سنووری بادینان و جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتی ژنانە لقی دهۆك. هەروەها خوێندكاری قۆناغی دووەمە لە زانكۆی جیهان لە پارێزگای دهۆك لە پەروەردەی گشتی/ بەشی دەروونناسیی، كتێبێكی هەیە بە ناوی (ژن بەرەڤ ب هێزبوونێ) تایبەت بە مافەكانی ژنان. لولاڤ خالید داود بۆ دوالاپەڕە وتی: كار بۆ هۆشیاركردنەوەی كچان و ژنان دەكەم سەبارەت بە ماف و ئەرك و تواناكانیان، لەبەرئەوەی رۆڵی ژن زۆر گرنگە و پێویستە لە بارەی ئەرك و مافەكانیان هۆشیار بكرێنەوە، بۆیە بە پێویستمزانی ئەم كتێبە لەسەر مافەكانی ژنان بنووسم، بە مەبەستی دیاریكردنی ئەو هەنگاوە سەرەتاییانەی ژنان دەتوانن بینێن بەرەو سەركەوتن.
لولاڤ خالید سەبارەت بە كتێبەكە دەڵێت: كتێبەكەم لە 85 لاپەڕە پێكهاتووە و ساڵی 2023 چاپ و بڵاوكرایەوە، لە شەش بەش پێكهاتووە و لە هەر بەشێكدا چەند بابەتێكی كورت و پوخت لەخۆدەگرێت. لە دەستپێكدا باسم لە هەنگاوەكانی سەركەوتنی ژنان لە كۆمەڵگەدا كردووە، هەروەها لە بەشی دووەمدا باسم لە دروستكردن و پێشخستنی كەسایەتیی كچان و ژنان كردووە، كە چۆن ژن دەتوانێت خۆی بكاتە كەسایەتییەكی بەهێز لە نێو كۆمەڵگەدا.
لولاڤ خالید دەڵێت: مەبەستم لە نووسینی ئەم كتێبە هۆشیاركردنەوەی ژنانە بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك كە بەداخەوە هەندێك لە رێكخراوەكان رۆڵی خۆیان لەم بوارەدا بە باشی ناگێڕن.
وتیشی: داوا لە كچان و ژنانی كوردستان بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك دەكەم باشتر رۆڵی خۆیان بگێڕن، بەشێوەیەك كار بۆ دەرخستنی هێز و تواناكانیان بكەن، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە ئەمڕۆ پێویستیی بە رۆڵی ئەوانە.
دیداری / ئەیاز هەركی