ئەکرەم ئەمین
لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەندین ساڵە فەرمانبەر خانەنشین دەبێت، کەچی لە دامودەزگا مەدەنییەکان کەس دانامەزرێت
لە ساڵی 2019دا پەرلەمانی عیراق یاسای خانەنشینی هەموارکردەوە و تەمەنی خانەنشینی لە 63 بۆ 60 ساڵ کەمکردەوە. ئەم کارەش بۆ رەخساندنی هەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو.
ماوەیەکە هەوڵی ئەوە دەدرێ کە یاساکە هەموار بکرێتەوە و تەمەنی خانەنشینبوون بکرێتەوە بە 63 ساڵ، لەبەر ئەوەی زوو خانەنشینبوون دەبێتە هۆی لەدەسەدانی کەسانی پسپۆڕ و بەئەزموون لە دامەزراوە حکومییەکاندا.
ئەگەر لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین ببن ساڵانە نزیکەی 200 هەزار هەلی دامەزراندن بۆ گەنجان دەڕەخسێت
ئەگەر 63 ساڵ بێت
ئەگەر فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین بێت ئەوا دەکرێت سوود لە کەسانی پسپۆڕ و بەئەزموون وەربگیرێت، بە تایبەتی ئێستا کە ماوەی چەند ساڵێکە دامەزراندن نییە، یان زۆر کەمە، بۆیە ئەگەر ئەو بەئەزموونانە خانەنشین بکرێن رەنگە بۆشایی لە کارگێڕی و پسپۆڕیدا دروست ببێت، هەر ئەم هۆکارەیە کە وایکردووە داوادەکرێت یاساکە بکرێتەوە بە 63 ساڵی.
بەڵام ئەمەش لایەنی سلبی هەیە، لەبەر ئەوەی فەرمانبەران کە دەگەنە تەمەنی 60 ساڵی بەسەرەوە زۆربەیان نەخۆشی تێیاندا سەر هەڵدەدات، ئەو کات نە دامودەزگاکان سوودمەند دەبن لێیان، نە خۆشیان دەتوانن بە باشی پشووبدەن.
ئەگەر یاساکە 60 ساڵی بێت
ئەگەر یاساکە وەک ئەوەی ئێستا بمێنێتەوە ئەوا فەرمانبەران بەهێزتر و گەنجترن و کەمتر نەخۆشییان تێدا دەرکەوتووە، هەروەها هاوسەنگیی زیاتریش لە نێوانیاندا دروست دەبێت و بێکاریی کەمتر دەبێت. ئەگەر لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین ببن ساڵانە نزیکەی 200 هەزار هەلی دامەزراندن بۆ گەنجان دەڕەخسێت.
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کەسانی بەئەزموون و پسپۆڕ، دەکرێت ساڵانە خولی تایبەت بە پسپۆڕییەکان بکرێتەوە بە مەبەستی پێگەیاندنی کادری باش و ئەزمووندارکردنیان.
هاندان و ژیانی شایستە
فەرمانبەران ئەگەر بزانن بە مووچەیەکی شایستە خانەنشین دەبن، ئەوا زووتر خۆیان خانەنشین دەکەن و جێگا بۆ گەنجان و دەرچوان چۆڵ دەکەن، دەکرێ حکومەت هاندەر بێت و ئەو هاسەنگییە دروست بکات.
لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەندین ساڵە فەرمانبەر خانەنشین دەبێت، کەچی لە دامودەزگا مەدەنییەکان کەس دانامەزرێت و یاسای خانەنشینیش هەر 63 ساڵە، بەڵام لە ساڵی 2025دا دەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ عیراق و کار بە یاسای پەرلەمانی عیراق بکات، ئەوکات هەلی دامەزراندنیش دەبێت شەفاف و لەسەر بنەمای کێبڕکێ و لێهاتوویی بێت.
کێ خانەنشین نەکرێت؟
بۆ ئەوەی هەردوو بەرەی لایەنگری تەمەنی خانەنشین 60 و 63 ساڵی پێکبێن، دەکرێت یاساکە بکرێت بە 61 ساڵ بە گشتی بۆ مووچەخۆران، بەڵام بۆ کەسانی خاوەن پسپۆڕی دەگمەن و بەئەزموون و پێویست، تەمەنی خانەنشینی بکرێتە 63 بۆ 64 ساڵ، لێرەدا هەم کەسانی بەئەزموونت لەدەست ناڕوات، هەم ساڵانە ژمارەیەکی باش مووچەخۆر خانەنشین دەبن و هەلی کاریش بۆ گەنجان دەڕەخسێت.