هەلاجی بەرەو لەناوچوون دەچێت

11:14 - 2022-07-17
ژینگە
965 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

هەلاجی یەکێکە لە پیشە دێرینەکان و تا کۆتایی سەدەی رابردوو رەواجی باشی هەبوو و کارێکی پڕ بەرهەم و دەستکەوت بوو، بەڵام بەهۆی زۆر هاوردەکردنی دۆشەک و پشتی و کەلوپەلی ئامادەکراو لە دەرەوەی وڵات و دروستبوونی ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوەی خوری و لۆکە پیشەکە بە شێوازە کۆنەکەی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە. پێشتر لە زۆربەی گەڕەک و بازاڕی شارەکان دوکانی هەلاجی هەبوو، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نابینرێن.

وەستای هەلاج ئەو کەسەیە بە دارێکی درێژ، یاخود لە رێگەی ئامێرێكی دەستییەوە، كە لە دار و سیرمەی پێست دروستکراوە، لۆکە و خوری شیدەکاتەوە بۆ دروستکردن یان تازەکردنەوەی دۆشەک و لێفە و پشتی.
عەلی كەریم کە  زیاتر لە 35 ساڵە خەریکی کاری هەلاجییە دەڵێت: لە باب و باپیرانمەوە فێری هەلاجی بووم و منیش مناڵ و نەوەکانم فێری پیشەکە کردووە، جاران هەلاجی پیشەیەكی پڕ جووڵە بوو كۆمەڵێك وەستاو كرێكار بەردەستییان دەكرد، بەڵام ئێستا تەنها خۆم و یەكێك لە نەوەكانم لە هەفتەیەكدا دوو یان سێ رۆژ كاردەكەین، چونكە ئەو كەرەستە ئامادە كراوانەی لەبازاڕدان جێگەی ئەو کەلوپەلانەی گرتووەتەوە کە ئێمە دروستی دەکەین.
وتیشی، لە رابردوودا هەموو کەرەستەکانی هەلاجی بەرهەمی ناوخۆ بوون كۆمەڵێك كەس لەگەڵ ئێمەدا هاوبەش بوون لە سەركەوتنی پیشەكەماندا چ ئەوانەی خوری ئاژەڵەكانیان دەفرۆشت یان ئەوانەی بەرهەمی لۆكەكانیان بۆ دەهێنانین بۆ هەلاجی، بەڵام ئێستا کەرەستەی ئامادەکراو شوێنی لۆکەی سروشتی گرتووەتەوە.
باسی لەوەشكرد، هەرچەندە بەشێک لە خەڵكی گلەیی لەو كەرەستە دروستكراوانەی بازاڕ دەكەن، بەڵام لەبەرئەوەی نرخەكانیان هەرزانە دەیکڕن و بەکاری دەهێنن.
وەستا عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لێفە و پشتی و دۆشەک و چەندین کەرەستەی تریان دروست دەکرد و بۆ سەرنجڕاکێشان بە نەخشی جۆراوجۆر دەیانڕازاندنەوە.
هەر لە کۆنەوە هاووڵاتیان سوودیان لە خوری مەڕ وەرگرتووە بۆ دروستکردنی دۆشەک و لباد و بالیف و حکومەتی عیراقیش لێی دەکڕینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا حکومەت پلانی نییە بۆ کۆکردنەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەیان لە کارگەیەکدا ئاژەڵداران خوری مەڕەکانیان دەسووتێنن و سوودی لێ نابینرێت.
هەروەها لە رابردوودا جوتیارێكی زۆر سەرقاڵی چاندنی لۆكە بوون و بەرهەمێكی باشیان هەبوو، بەڵام بەهۆی باش ساغ نەبوونەوەی چاندنی ئەو بەرهەمە کەمبووەتەوە و جووتیاران لەجیاتی لۆکە بەرهەمی تر دەچێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان