ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
چاککردنی رێگەی سێ گوند
رێگەی گوندەکانی سراو، کوێرەک و ناودێ
دانیشتوانی ھەر سێ گوندی سراو، کوێرەک و ناودێ لە سنووری قەزای دەربەندیخان، لەسەر داهاتی خۆیان نیوەی رێگەی گوندەکانیان چەوڕێژ کردووە، داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەن هەموو رێگەکەیان بۆ چاک بکات.
فەرمان عەبدولڕەحمان دانیشتووی گوندی سراو دەڵێت: بەھۆی باران و لافاوی ساڵانی رابردوو بەشێکی زۆری رێگەی گوندەکانمان تێکچووە و چەند پردێکی سەر رێگەکە پڕبوون لە خۆڵ و خاشاک و گیراون و پێویستیان بە پاککردنەوەیە.
وتیشی: داواکارین لە حکومەت زیاتر دەستی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانمان درێژ بکات و رێگەوبانەکانمان بۆ قیرتاو بکەن، بۆئەوەی گوندەکانمان چۆڵ نەبێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان
گوندی كانی شۆك داواکاری هەیە
گوندی كانی شۆك
ئەگەرچی كانی شۆك گوندێكی جوان و دڵفڕێنە، ئێستا بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە تەنیا 30 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانەكەی 120 كەسن.
ئیسماعیل ئیبراهیم موختاری گوندەكە دەڵێت: كۆڵانەكانی گوندەکەمان خۆڵە و پێویستی بە قیرتاو کردنە، ئەگەر ساڵانە خۆمان چەوڕێژی نەکەین هاتوچۆ کردن پیایدا ئەستەمە.
وتیشی: گوندەکەمان پێویستی بە بنکەی تەندروستییە، هەروەها کارەبای نیشتمانی وەک پێویست نییە و داوای دابینکردنی موەلیدە دەکەین، گوندەکەمان سەرچاوەی ئاوی زۆری هەیە و پێویستمان بە دروستکردنی بەنداوێکە بۆ کۆکردنەوەی بۆئەوەی گوندنشینان بتوانن سوودی لێ ببینن.
گەڕەكی شۆڕشی نوێ لە سلێمانی
شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە گەڕەکەکەدا هەیە
گەڕەكی شۆڕشی نوێ دەكەوێتە خوار شاری سپی لەناو شاری سلێمانی، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیك دەبێتەوە لە 6000 كەس و پێویستی بە خزمەتگوزارییە. عەباس عومەر موختاری گەڕەكی شۆڕشی نوێ دەڵێت: ماوەیەكی زۆرە گەڕەکەکەمان ئاوەڕۆی بۆ دەرچووە، بەڵام بە خاوی كاری تێدا دەكرێت، چاوەڕوانین بە زوویی تەواو بكرێت و بۆمان قیرتاو بکرێت، لەبەرئەوەی لە زستاندا قوڕ و چڵپاو و لە هاوینیشدا تەپوتۆزێكی زۆری هەیە.
وتیشی: لە دوو شوێنی گەڕەکەکەماندا ئاژەڵ بەخێو دەکرێت کە دیاردەیەکی ناشارستانییە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە، داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین بەدواداچوونی بۆ بکەن و لایبەرن، هەروەها گەڕەكەكەمان تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بۆ نەكراوە و داواکارین بۆمان بکرێت، لەگەڵ دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی.
قوتابخانەی کامل بەسیر پێداویستی هەیە
قوتابخانەی کامل بەسیری بنەڕەتی
قوتابخانەی کامل بەسیری بنەڕەتی داوای ئەم پێداویستییانە لە لایەنی بەرپرس دەکات.
1 - دابینکردنی کامێرای چاودێری بە میمۆری و تەواوی پێداویستییەکانەوە بۆ 12 پۆلی قوتابخانەکە.
2 - تانکی ئاوی ستیل، فلتەری ئاو، بەڕادی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خوێندکاران.
3 - چاککردنەوەی رەحلە کۆن و شکاوەکان.
4 - دابینکردنی هەندێک ئامێری میوزیک بۆ چالاکییە هونەرییەکان، لەگەڵ هەندێک پێداویستی وەرزشی.
5 - ئامێرێکی پرنتەری رەنگا و رەنگ و لابتۆپ.
رەمەزان نوری بەڕێوەبەری خوێندگەکە دەڵێت: قوتابخانەکەمان سەر بە پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییە، خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبییە و 300 خوێندکارمان هەیە.
وتیشی: قوتابخانەکەمان ئەو یارمەتییانە نایگرێتەوە کە قوتابخانەکانی دیکەی تایبەت بە ئاوارەکان هەیانە، لە یارمەتیدانی مادی و مەعنەوی و بۆیە داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین ئەو پێداویستییانەمان بۆ دابین بکات.
گەڕەكی سەنگاوییەكان بێ خزمەتگوزارییە
گەڕەكی سەنگاوییەكان لە ناحیەی رزگاری
گەڕەكی سەنگاوییەكان لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلار، لە ساڵی 1988 دروستكراوە، ژمارەی دانیشتوانەكەی 3000 كەسە و لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان بێبەشە.
یاسین حەمە ئەمین نوێنەری موختارەكان لە ناحیەی رزگاری دەڵێت: گەڕەكەکە تائێستا ئاوەڕۆی بۆ نەكراوە و كۆڵانەكانی قیرتاو نەكراون، هەروەها قوتابخانەی گەڕەكەكەمان كابینەیە و داوا دەكەین خوێندنگەیەكی 24 پۆلیمان بۆ دروست بكەن.
وتیشی: سەوزایی لە گەڕەکەکەماندا زۆر کەمە و پێویستمان بە دروستکردنی باخچەیە، بڕیاری دروستکردنی دوو بنکەی تەندروستیمان بۆ دراوە لەسەر پارەی پترۆ دۆلار، بەڵام چەند ساڵێکە بە نیوەیی بەجێهێڵراوە.
گوندی كانی خان خزمەتگوزاری دەوێت
کۆڵانێکی گوندی كانی خان
گوندی كانی خان ئێستا تەنیا 70 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیکەی 300 كەسە.
ئاوات عوسمان موختاری گوندەكە دەڵێت: وەك پێویست خزمەتگوزاریمان بۆ نەکراوە، لە دوای راپەڕینەوە هەوڵدەدەین رێگەی سەرەكی و كۆڵانەكانمان بۆ قیرتاو بكەن ئەنجامی نەبووە، پرۆژەی ئاوی گوندەكەمان لە كۆتەڵەوە دێت و ئاوەكەی بۆ خواردنەوە نابێـت، بۆری دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەمان زۆر کۆنە و هەوڵمانداوە بۆمان بگۆڕن، بەڵام بەڕێوبەرایەتی ئاوی دوكان وەڵام ناداتەوە.
وتیشی: كارەبای نیشتمانیمان وەك پێویست نییە و پێویستمان بە دابینکردنی موەلیدەیە، هەروەها دروستکردنی پردێکی پەڕینەوە لەسەر رێگەی سەرەکی دوکان – سلێمانی زۆر پێویستە، بۆئەوەی دووربین لە کارەسات لە کاتی پەڕینەوەدا، هەروەها داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین چەند بلاجكتۆرێكمان لەسەر شەقامە سەرەكییەكە بۆ دابنێن بۆ رووناککردنەوەی گوندەکەمان.