ئاوات كۆكەیی
زۆر بنەماڵە و خانەوادە هەن كە بە شەهید و رۆڵە پێشمەرگەكانیاندا دەناسرێنەوە، بە قوربانی و ماندووبوون و بەشدارییان لە كۆڕی تێكۆشاندا دەناسرێنەوە.
بەشداریی و بەردەوامیی ئەندامانی خێزانەكەیان لە سەرەتای كاروانی خەباتدا و كۆڵنەدانیان تا شەهیدبوون، وایكردووە كە زۆرێك لەو خانەوادانە وەك سیمبول و هێمایەك بۆ گیانبازی و دڵسۆزیی بۆ خاك پێناسە بكرێن.
خانەوادەكەی شەهید مامە رەئوفی حاجی سابیر، یەكێكە لەوانە و مێژووی دوور و درێژی خەباتیان مەدالیای سەربەرزییە بە یەخەكەی نەوەكانی دوای خۆیانەوە و مایەی شانازیشە بۆ گەلی كورد.
شەهید رەوفی حاجی سابیر كە ناسراوە بە مامە رەئوف، لە دایكبووی ساڵی 1962ی شارۆچكەی سەیدسادقە و لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی (قاینەجە)ی شارەزوورن.
لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەردا چاوی كراوەتەوە و بە هەستی كوردانەوە گۆشكراوە، كاكە حەمەی حاجی سابیری برای كە ساڵی 2017 كۆچی دوایی كرد، یەكێكە لە پێشمەرگە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ و كەسایەتی و تێكۆشەرێكی دیار و ناسراوبوو.
شەهید مامە رەئوف ساڵی 1978 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ئەندامێكی چالاك و گورج و گۆڵی خەباتی نهێنی بووە، چاونەترسانە دەیان ئەركی گران و پڕ مەترسیی ئەو رۆژگارەی جێبەجێكردووە.
ساڵی 1980 پەیوەندیی كردووە بە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە و لە هەرێمی یەكی ئەوسا چەكی شەرەفی كردۆتە شان.
لە قۆناغی پێشمەرگایەتیشدا ئازایەتی و چەلەنگیی زۆری نواندووە، ئەوانەی دەیناسن و لە نزیكەوە ئاگادارن شایەتی دەدەن كە مامە رەئوف نموونەی پێشمەرگە و فەرماندەی لێهاتوو و گەنجێكی دەستوداوێن پاك و بە بیروباوەڕ بووە، هەڵسوكەوتی گونجاوی لەگەڵ دەوروبەر و ئازایەتی و لێوەشاوەییەكەی بەرامبەر دوژمن، ببووە مایەی خۆشەویستییەكی زۆر لەناو هاوڕێكانی و خەڵكی ئەو ناچانەی كە پێشمەرگایەتیی تێدا كردووە.
شەهید مامە رەئوف لە زۆربەی شەڕ و نەبەردیی و بەرەنگارییەكانی سنووری هەورامان و شارەزوور و شارباژێڕ و دۆڵی جافایەتی و قەرەداغ و زۆر ناوچەی دیكەدا بەشداریی كردووە، لە هەمووشیاندا ئازا و چاونەترس و خۆڕاگر بووە، بۆیە پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە تا لە ساڵی 1987دا كراوەتە فەرماندەی كەرتی دووی تیپی 15ی شارەزوور.
لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا زەماوەندی كردووە و خاوەنی دوو منداڵ بووە كوڕێك و كچێك، سەرەڕای ئەركی گرانی خێزانداری و بوونی دوو منداڵ، هەر لە خەبات بەردەوام و بووە و لەدوای ئەنفالیش دانەبڕاوە، دوای داگیركردنەوەی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە شاڵاوەكانی ئەنفالی 1988دا، چۆتە ئێران، بەڵام ژیانی ئاوارەییش رێگەی لە درێژەدانی بە خەبات نەگرتووە و رۆڵی گرنگی بینیوە لە دەستپێكردنی قۆناغی پارتیزانیدا، هاوكار و رێنیشاندەری پێشمەرگە پارتیزانەكانی رەتڵی گەرمیان و قەرەداغ بووە.
بەداخەوە، رۆژی 16/10/1989 شەهید كرا و گەیشتە كاروانی نەمران.
دوای شەهیدبوونیشی، ئەركی سەختی ماڵ و منداڵەكەی، بۆ هاوسەرەكەی مایەوە، ئەگەرچی هێشتا هاوسەرەكەی گەنج بوو، بەڵام رووسوورانە شانی دایە بەر زەحمەتییەكانی ژیان و لەسەر رێبازی مامە رەئوفی هاوسەری مایەوە.
ئەو ژنە سەلارە هێشتا بە تێڕامان لە یادگارییەكانی هاوسەرە شەهیدەكەی دەژی و سەربەرزانەش منداڵەكانی گەورە كرد و كردنی بە خاوەن ماڵ و هاوسەری خۆیان.