لاپەڕەی سەروەران
تێكۆشەری نەمر، بەهادین نوری ئەحمەد ناسراو بە بەهادینە سوور، ساڵی 1961 لە خێزانێكی كوردپەروەر و شۆڕگێڕی سلێمانی لەدایك بووە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەو رۆژگارەی كوردستانەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات و لە دواپۆلی قۆناغی سەرەتایی وازی لەخوێندن هێناوە، ساڵی 1978 لە هەرێمی پێنجی ئەوسای شۆڕشی نوێ بۆتە پێشمەرگە، دوای ماوەیەك لە پێكهێنانی تیپەكان، چووە كەرتی یەكی شەهید سەڵاحی موهەندیس لە تیپی 47ی پیرەمەگروون، بەهۆی ئەوەی شەهید نەجمەدینی برای لەتیپی 57ی سەگرمە پێشمەرگە بووە، ئەویش لە ساڵی 1985دا چووە كەرتی یەكی ئەو تیپە.
تێكۆشەری نەمر بەهادینە سوور، بەشداریی سەرجەم نەبەردی و چالاكییەكانی سنووری تیپەكەی كردووە و لەنەبەردیەكیشدا نەجمەدینی برای شەهید كراوە، دوای شەهیدبوونی براكەشی درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و كوڕێكی ئازاو چاونەترس بووە.
ســـاڵــــی 1988 دوچـــــاری نەخۆشییەكی سەخت بووە و بەوهۆیەشەوە لە پێشمەرگایەتی دابڕاوە.
لە راپەڕینی ساڵی 1991دا دووبارە بۆتەوە بە پێشمەرگە و بەشداریی كاریگەرانەی هەبووە لە ئازادكردنی ناوچەكانی كوردستان و لە دەستەی یەكەمی خەڵكی راپەڕیودا بووە.
بەهادینی نەمر چەندین ئەركی لێپرسراوێتی پێ سپێردراوە؛ وەك: فەرماندەی كەرت لە لەشكری سلێمانی و لێپرسراوی دەستەی پارێزگاریی سەركردەی نەمر جەبار فەرمان و ئەفسەری حەرەكات لە ئاسایشی سلێمانی و ئەفسەری هەواڵگری لە وەزارەتی پێشمەرگە، پلەكانی سەربازیشی بڕیوە و دوا پلەی (رائید)بووە.
بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی و گیرۆدەبوونی بەنەخۆشییەوە، ماوەیەكی زۆر لەسەر جێگە كەوتووە، دواجار بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە لە رۆژی 12/11/2010، كۆچی دوایی كرد و چووە كاروانی هاوڕێ شەهیدەكانییەوە.