شەقامی جمهوری شاری كەركوك لە پێشوو ئێستاشدا و لە ئێوارانی چوار وەرزەی ساڵدا چێژی تایبەتی خۆی هەیە، ئەم شەقامە دێرینە بە دەیان دوكان و فرۆشگای جیاجیای لەخۆ گرتووە، یەكێ لەو دوكانە دێرینانەی ئەو شەقامە كە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی پێشووەوە ناوبانگی هەیە بەخواردنی لەفەی (فلافل وانت ماشي - فەلافل خواردن بەڕێوە)، ئەم دوكانە لەلایەن كەسایەتییەكی توركمانی بەناوی (فاتیح كۆپرلو) بەڕێوە دەچوو، دواتر حاجی جەودەت بەڕێوەی دەبرد، بێگومان ئەم دوكانە ناسراوبوو بە فرۆشتنی لەفەی فەلافلی بەچێژ و كەوتبووە نزیك سینەما (سەڵاحەدین) ی شەقامی جمهوری و كاتی دەمەو ئێواران كە گەنجان و لاوان لە سینەماكە لێدەبوونەوە بەرەو ئەو خواردنە بەچێژە دەڕۆیشتن و لەفەی فەلافلیان دەخوارد.
دوای رزگار كردنی كەركوك ساڵی 2003 دا، پاش ئەوەی حاجی جەودەت كۆچی دوایی كرد، مورادی كوڕی دوكانەكەی بەڕێوەبرد و تا ئەمڕۆ بەردەوام لەفە دەفرۆشن لەنێویاندا لەفەی فەلافل تاكو لەسەر رێبازی خۆی لا نەدات، ئەو دوكانە ئێستا بە ستایلێكی نوێ وجوانەوە پێشوازی لە هاوڵاتیانی شارەكە دەكات و تەنها دوكانی خواردەمەنییە لەشەقامی جمهوری كە پارێزگاری لەبوونی خۆی كردووە.
رزگار شوانی