وێنەگر فایەق حەمە ساڵح عەلی ماوەیەك لە شاخ مامۆستای شۆڕش بووە و ماوەیەكیش زیندانی سیاسی بووە و هاوكاتیش وێنەگر بووە.
فایەق حەمە ساڵح عەلی بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1961 لە گەڕەكی سەركارێز لە سلێمانی لە دایكبووم، دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵم ساڵی 1986 لە ئەسكی كەڵەك، رۆژی 23/11/1981 كاتێك كە خوێندكاری پۆلی چواری كۆلێژی كشتوكاڵ بووم، ئەمنی بەغدا هاتن بۆ گرتنم، رام كرد، بەڵام هاوڕێكەم (كوردۆ رەشید نزیكەی دوو ساڵ گیرا بە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی رێكخستن بدركێنێ ئازاد كرا. پاشان لە ساڵی 1984-1985 بووم بە مامۆستای شۆڕش لە گوندی یاخسەمەر كە ئەوكات سەركردایەتی (ی.ن.ك) لەو گوندە بوو. ساڵی 1985 بە لێبوردنی سیاسی گەڕامەوە بۆ خوێندن لە ئەسكی كەڵەك، جارێكی تر لەگەڵ هاوڕێم لەلایەن ئەمنی بەغداوە گیرام و برام بۆ ئەغدا، لە ئەمنی هەولێر، لە هەیئەی كەركوك، ئەمنی جەمیلە، ئەمنی سلێمانی، ئەمنە سوورەكە، تەواری سلێمانی زیندانی كراوم.
لەبارەی چۆن بۆ ناو دنیای وێنەگری هاتووە، وتی: ساڵی 1982-1983 كە لە موسڵ خوێندكاری پۆلی چوار بوو، كتێبێكم كڕی بە ناوی (التصویر و الحیاة)، بۆیە هەر لەو رۆژەوە بڕیارمدا ببم بە وێنەگر. لە كاتی تێكچوونی مفاوەزانی نێوان(ی.ن.ك) و بەغدا، بە كامێرایەكی زینەتری روسی كە لە هاوڕێیەكم بە ناوی ئازاد حەمە ئەمین وەرگرتبوو 17 وێنەی رووداوە خوێناوییەكانی ئەو كاتەم گرت، ساڵی 1987 كە ئەنفال دەستیپێكرد، وەك رێكخستن خۆم و نەریمانی حاجی مستەفا و كاك عەلی پێنجوێنی چووین بۆ وێنەگرتنی ئەو گوندانەی نزیك كەڵەكەن كە سوپای عیراق دەیسووتاندن و دوو فیلمی(36)م وێنە گرت كە دواجار بە داخەوە ستۆدیۆیەك كە دابوومانێ بۆمان بشواتەوە لە ترسان هەمووی سووتاندبوو. دوای راپەڕین وەك وێنەگرێك بڕیارمدا ئەو رووداوە مێژووییە دۆكیۆمێنت بكەم، چونكە ئێمەی كورد مێژوویەكی نووسراومان هەیە، نەك مێژوویەكی بینراو. لە هەرسێ راپەڕینەكانی 7/3/1991، 17/7/1991، 7/10/1991 تۆمار كردووە و هەروەها كۆڕەوەكەشم كردووە بە دۆكیۆمێنت.
وتی: من ساڵی 1992-1993، یەكەم كەسم كە مۆڵەتی رەسمی حكومەتی هەرێمم دەرهێنا تا وەك وێنەگرێكی ئازاد بتوانم ئازادانە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك وێنە بگرم. نزیكەی 17 ساڵ مامۆستای وانەبێژ بووم لە بەشی رۆژنامەنووسی پەیمانگەی بەختیاری و بەشی راگەیاندنی زانستە مرۆڤایەتییەكان لە زانكۆی سلێمانی و ئێستاش مامۆستای كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستانم.
ئالان محەمەد جەزا