تەها عەبدوڵڵا
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، ژمارەی یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان زیاترە بەراورد بە ژمارەی خێزانەكان، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 200 هەزار كرێنشین لە هەرێمدا تۆماركراون. لێپرسراوی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستانیش، دەڵێت: چەند هۆكارێك هەن وایكردووە خێزانەكان سوود لە یەكەكانی نیشتەجێبوون وەرنەگرن.
كارزان رەسوڵ لێپرسراوی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە داتاكانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتواندا و ئەوەی تایبەتە بە هەرێم، چەند ئامارێك بەدەستهاتوون كە جێگای سەرسوڕمانن، كە یەكێك لەوانە ژمارەی یەكەی نیشتەجێبوون لە خێزانەكان زیاترە و زۆربەیان چۆڵن، كە بەشێوەیەكە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دوو ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەكەی نیشتەجێبوون تۆماركراون، لەبەرامبەر ئەوەدا ملیۆنێك و 379 هەزار و 163 خێزان تۆماركراوە، بەوپێیە 649 هەزار و 774 یەكە زیاترە لە ژمارەی خێزانەكان.
راشیگەیاند: زیادبوونی ژمارەی یەكەی نیشتەجێبوون، لەكاتێكدایە هەر بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە هەرێم كرێنشینن، بە نزیكەی 250 هەزار خێزان دەخەمڵێنرێت، هۆكاری ئەو جیاوازییەش چەند خاڵێكە، یەكەمیان نەبوونی پلانە لە دەستەی وەبەرهێناندا كە زۆرترین مۆڵەتی داوە بە وەبەرهێن و كۆمەڵگە و سیتی گرانبەها دروستكراوە كە كڕینی لەلایەن كرێنشین و كەمدەرامەتانەوە ئەستەم بووە، هۆكاری دووەمیش نایەكسانیی ئابووری بووە، كە نەتوانراوە پڕۆژەكانی كرێنشینان لەكاتی دیاریكراودا تەواوبكرێن و بەكرێنشینان بدرێت.