قوباد تاڵەبانی: لە سوریای نوێدا دەبێت مافەکانی کورد پارێزراو بێت

05:31 - 2024-12-17
کوردستان
44 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و سوریا رایگەیاند، پێویستە کورد مافەکانی پارێزراو بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (17/12/2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرباری دەرکەوتنی هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لە سوریاوە، بەڵام بارودۆخەکە بە گشتی هەستیارە. هیوای خواست لە سوریای نوێدا مافی هەموو پێکهاتەکان و بە تایبەتیش مافەکانی کورد پارێزراوبێت.
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، پێویستە کورد لەم بارودخەدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بێت و پێگە و مافەکانی لە سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراتی گەرەنتی بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی مەترسی گرووپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەتیش داعش بۆسەر سەقامگیری ناوچەکە کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە داعش هێشتا مەترسییەکانی گەورەیە. هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە دواین کۆبوونەوەی وەفدەکانی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و جەختیشکرایەوە لەسەر هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان