ماوەی نزیکەی چوار ساڵە راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە هەولێر، هەوڵیداوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەهج و شێوازی کارکردنی خۆی بکات، ئەویش زۆرترین کاروچالاکی و کەمترین گلەیی و گازندە، لەو ماوەیەدا ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، توانیویەتی زۆرترین کەسایەتی و رۆشنبیری شاری هەولێر لەخۆی کۆبکاتەوە، بەبێ هیچ بیڕوڕایەکی حزبی و ئایینی و نەتەوەیی، ئەویش لە رێگای کاروچالاکییەکانی ساڵۆنی لاپەڕە 9، کە رۆژانی شەممە بۆ ناساندنی کتێب و گفتوگۆکردن لە بارەی تەوەرێکی دیاریکراو ئەنجامدەدرێت.
هەروەها ناوەندی هەولێر بۆیەکەمجار توانی گۆڤارێک بەناوی(دیوان) دەربکات، ئەویش گۆڤارێکی رۆشنبیریی گشتییە، لەرێگای بابەت و بەدواداچوونەکانی نێو گۆڤارەکە، جارێکی تر هیوای نووسەران و رۆشنبیرانی بە میدیای کاغەزی زیندووکردەوەو لەو مینبەرەوە دیوێکی تری مێژوو و ئەدەبی کوردی و کەسایەتییە ناسراوەکان بە خوێنەران ئاشنا کردووە. هەروەها گۆڤاری دوکیۆمێنت، ئەگەرچی لە دەرەوەی ناوەندی هەولێر دەردەکرێت، بەڵام ئەویش زادەی بیر و کۆششی کادیرانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەوانیش ماوەی زیاتر لە ساڵێکە قۆڵی خۆیان لێ هەڵماڵییوە و بە هەوڵ و کۆششی خۆیان، توانیویانە بەشێوەیەکی وەرزیی ئەو گۆڤارە دەربکەن، کە تایبەتە بەو دۆسێیانەی رەهەندێکی مێژووییان هەیە و بەڵگە و دۆکۆمێنتەکانیان ماوە.
جگە لەوانەش دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەناڵی گەلی کوردستان هاتە ئاراوە، ئێستا کەناڵەکە چۆتە قۆناغێکی ترەوە، شایەنی ئەوەیە بۆ گەیاندنی خێراترین هەواڵ و زانیاری پشتی پێ ببەسترێ، بێگومان ئەو هەنگاوە بە هەوڵی بەڕێوەبەر و کادیر و رۆژنامەنووسانی گەلی کوردستان لە هەولێر زیاتر بەرەوپێشچووە، کە لە چوارچێوەی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی و بەهەماهەنگی لەگەڵ کەناڵەکە، رۆژانە پلان و بەرنامەی کارکردنیان دادەرێژن. دوا هەوڵی ناوەندی هەولێر دەرکردنی دووتوێی (کوردستانی نوێ هەولێر)ە، کە ئەویش وەک بەشێک لە کوردستانی نوێی ئازیز پێنج ژمارەی لێ دەرچووە، هەوڵدراوە لە رێگای ئەو دوو توێیەوە، کاروچالاکییەکانی هەولێر و دەوربەری و بەسەرهات و مێژوو و کەلتوری شارەکە لە چوارچێوەی ئەو دووتوێیە بڵاوبکرێتەوە و پێشکەشی خوێنەرانی بکرێت.
کوردستانی نوێ/ هەولێر