ئەو سەردەمەی ئەحمەد تەبیب وەك پزیشكێكی بەناوبانگی هەولێر ناسراو بوو

11:04 - 2024-12-18
دووتوێ
274 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد تەبیب

ئا:  رەهێل سەمەد


لەسەرەتای سەدەی بیستەم لە شاری هەولێر، كەسایەتییەك لەبواری پزیشكی بەناوی(ئەحمەد تەبیب) هەبووە، هەندێك كەس دەڵێن ئەو كەسایەتییە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراق و دروستبوونی نەخۆشخانە و پزیشكی خاوەن بڕوانامەی زانكۆ، لەو شارە كاری پزیشكی و برینپێچی كردووە، هەندێكیشیان بۆ دوای ئەو بەروارەی دەگەڕێننەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەركاتێك ناوی ئەحمەد تەبیب دێت، وەك یەكەم پزیشكی شاری هەولێر دەناسرێت.
ناوی تەواوی ئەحمەد كوێخا سلێمان مەلاخدر نانەكەلییە، ناسراوە بە ئەحمەد تەبیب، لە ساڵی 1892 لە گوندی بنەسڵاوەی گەورەی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر، لە بنەماڵەیەكی دیار و بەناوبانگ لەدایكبووە، لەلای مامی باوكی، فێری كاری پزیشكی دەبێت، دوای ماوەیەك دەبێتە پزیشكی میللی ناسراوی شاری هەولێر، چەندین نەخۆشی لە مەترسی مردن رزگار كردووە و بەوە ناسراوە كە نەخۆشی هەژار و كەمدەرامەتی بەخۆڕایی چارەسەركردووە و لە ساڵی 1981 كۆچی دوایی كردووە. وریا قادر جمسی، كەسایەتی ناسراوی شاری هەولێر، خزمێكی نزیكی ئەحمەد تەبیبی دكتۆرە میللیەكەیە، بۆ كوردستانی نوێ بەمجۆرە باسی ئەو كەسایەتییە پزیشكییە دەكات: ئەحمەد تەبیب نۆرینگەیەكی بچووكی لە ژوورێكی ماڵەكەی هەبوو، بەبێ ئەوەی هیچ بڕوانامەیەكی پزیشكی هەبێت، بەڵكو بەشێوەی پزیشكی میللی ئەو كارەی دەكرد، ئەویش لە حاجی مەحمود عاشور نانەكەلی باپیرە گەورەی ئێمە فێرە ئەو كارە ببوو.
وتیشی: ئەو چارەسەریانەی زیاتر ئەحمەد تەبیب ئەنجامی داوە، چارەسەركردنی  برین ‌و نەخۆشی لاڕەشەی دەست و قاچ بووە، هەروەها شكانی ئێسكی چاك كردۆتەوە، چونكە شارەزاییەكی باشی لە بەیتاڵی بووە .
باسی لەوەشكرد: جگە لەوانە چارەسەری گوێچكە و نابیستنی كردووە، ئەویش بەڕێگای تایبەتی خۆی  بەو شارەزاییەی کە هەیبووە، توانیویەتی كێشەی كەمی بیستن بۆ زۆر كەس بگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بەپێدانی دەرمانیش جمسی وتی: بیستوومە هەندێك دەرمانی لە دوكانی عەتاری كڕیوەو تێكەڵی یەكتری دەكرد، وەك چارەسەر بۆ نەخۆشی ئەكزیما و هەستیاری و دەرمانی سكچوون بەكاریدەهێنا، هەندێك لەو چارەسەرییانە خۆی دروستی كردوون، بۆ هەموو ئەوانەش زۆرجار یارمەتی خەڵكی هەژاری داوە، بەبێ بەرامبەر چارەسەری كردوون، بەتایبەتی ئەوانە لە رێگای دوور روویان تێدەكرد. 
نۆرینگەكەی ئەحمەد تەبیب
هەرلە بارەی ئەحمەد تەبیب، عومەر فەرهادی رۆژنامەنووس و كەسایەتی شاری هەولێر وتی: ئەو پیاوێكی ناودار بوو لە شاری هەولێر لە خانوویەكی گەورە دەژیا، لەكۆندا پێیان دەگوت ئەوبەر بەستێ، كە لە گەڕەكی(سەعدوناوە) بوو، خانووەكە دەرگایەكی گەورەی هەبوو كە دەچوویە ژوورەوە، شوێنێكی وەكو نۆرینگەی پزیشكی دانابوو خەڵكی چارەسەر دەكرد. 
وتیشی: ئەوەی من بیرم بێت ئەحمەد تەبیب لە ساڵانی چلەكان و پەنجاكان ئەو كارەی دەكرد، ئەو بۆ چارەسەركردنی نەخۆش و تیماركردنی برین، شارەزاییەكی زۆر باشی هەبوو، خەڵكی پێیاندەگوت پزیشكی میللی یان برینپێچ، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەحمەد تەبیب لەسەردەمی خۆی وەكو دكتۆرێكی نەشتەرگەری وابوو.
عومەر فەرهادی ئەوەشی خستەڕوو: لە سەردەمی كاركردنی ئەحمەد تەبیب لە بواری پزیشكی، نەخۆشخانەیەك لە هەولێر هەبوو كە نەخۆشخانەی پاشایەتیان پێدەوت، شوێنەكەی لە نزیك سینەما سەڵاحەدین بوو، ئێستاش بیناكەی لای پارێزگا لەسەنتەری شار ماوە، بەڵام ئەحمەد تەبیب هەر لە ماڵەوە كاری چارەسەریی دەكرد، نەمزانیوە لەنەخۆشخانە كاری كردبێت. باسی لەوەشكرد: ئەحمەد تەبیب جگە لەوەی پزیشكی میللی بوو، هاوكات باوكی هونەرمەندی گەورەی كورد فوئاد ئەحمەدە، كە یەكێكە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی هەولێر و كوردستانیش، ئەویش لە ساڵی 2004 كۆچی دوایی كرد.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان