هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان کاری دەرهێنان بۆ فیلمی(خەونەكانی حەبیبی نەجار) دەکات

11:10 - 2024-12-18
دووتوێ
234 جار خوێندراوەتەوە
هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان

ئا: رەوەست نەوزاد


سەباح عەبدولڕەحمان، هونەرمەندی دێرینی شاری هەولێر، ماوەیەكە كار لەسەر دەرهێنانی فیلمێكی سینەمایی بەناوی(خەونەكانی حەبیبی نەجار) دەكات، كە سیناریۆ و دەرهێنانی خۆیەتی و لەئێستاشدا كاری وێنەگرتنی  تەواو بووەو ئامادەكاری دەكات بۆ مۆنتاژكردنی دیمەنەكانی و دەشڵێت: قسەكردن لەسەر ناوەڕۆك و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی فیلمەكە دەخەمە دوای تەواوكردنی كاری مۆنتاژ و بەدووریشی نازانم لەسەرەتای ساڵی نوێ، فیلمەكە لە سینەماكان نمایش بكرێت.
هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەئێستادا زۆربەی هونەرمەندانی ئەكتیڤ لە هەرێم پڕۆژە و پلانی بەرهەمی هونەرییان لەبەردەستە و ئامادەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتگیریی پێویست بۆ بەرهەمهێنان، كارو داهێنان لە بواری هونەر رووبەڕووی پاشەكشە و چەقبەستوویی بۆتەوە.
ئەو هونەرمەندە باسی لە تەمەنی كاری هونەریی خۆی كرد و وتی: بەرهەمەكانم زۆرن، بەڵام دەكرێت تەمەنی هونەرییم بێ دابڕان تا ئەمڕۆ بەلایەنی كەمەوە بكرێتە هەگبەی هەوڵ و چالاكییەكانم، كە وەك ژمارە تەمەنیان دەگاتە 63 ساڵ كاركردن بە دۆكۆمێنت و بەڵگەی دەنگ و رەنگ.
ئەو هونەرمەندە یەكەم بەرهەمی شانۆیی خۆی لە دواناوەندی جمهوری شاری هەولێر بووە، لە ساڵی 1961 كە ئەوكات پۆلی یەكی ناوەندی دەبێت، وەكو ئەكتەر لەلایەن هونەرمەند و دەرهێنەری كۆچكردوو (سەفوەت جەڕاح) هەڵبژێردراوە و قسەی زیاتری لەسەر ئەو كارەی دەكات و دەڵێت: ئەوكات لە شاری هەولێر لە خوێندنگاكان خوێندكارە بەهرەمەندەكانی بواری هونەر لەلایەن سەرپەرشتیارە هونەریەكان هەڵدەبژێردران، كە شانۆگەریەكەش بەناوی(انە سیعیش) بوو، لە نووسینی سەعدون ئەلعوبەیدی بوو، كە من رۆڵی كەسایەتییەك بەناوی(ئەنوەر)م تێدا بینی، شانۆگەریەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هۆڵی(گەل)ی رەحمەتی نمایشكرا!
سەبارەت ناوبانگی خۆشی لەناو خەڵك و جەماوەرەكەشی وتی: من لەسەرەتای كاركردنم لە بواری هونەر لەكام شانۆگەری و   زنجیرە بەشدارییم كردبێت، تا ماوەیەكی زۆر یا بەرهەمێكی تر هەر بەو ناوە، بانگیان كردووم، بۆ نموونە لە بەرهەمی(فاڵچی) كارەكتەری(شێخ شەمسە)م هەبووە، بۆیە بەوە ناوە، بانگیان كردووم. دواتر لە بەرهەمی(مارەیی) بەكارەكتەری(سۆفی خدر) بەشداریم كرد، بەو ناوە ناسرا بووم، هەروەها لەبەرهەمی(مەسەلەی شارێك) رۆڵی(حەمەدەمین)م بینی بەوەش بانگیان دەكردم، بەو كۆتاییەش بەهۆی بەشداریم لە درامای(مەمی ئالان)، كە رۆڵی كارەكتەری(بەكۆ)م پێدرابوو، بۆیە هەر بەوە بەناوبانگ ببووم، كە ئەوەش بەهۆی ئەوەبوو كە هەر كاراكتەرێك لەناو كارێكی هونەری كاریگەریی لەسەر بینەر هەبێت، ئەو ناوە زیاتر بڵاودەبێتەوە.
باسی كەموكوڕییەكانی بواری هونەری نواندنی ئێستای كوردستان دەكات و دەڵێت: كەموكوڕییەكان بریتین لە نەبوونی تەلارێكی تایبەت بە هۆڵی نمایشی شایستە و لێوەشاوەیە، بەناونیشانی پایتەختی هەرێمی كوردستان، كە هەموو مەرجەكانی تەكنیك و پێداویستییە هونەرییەكانی بۆ دابین بكرێت و لەلایەن خەڵكانێكی پسپۆڕ و شارەزا و دەستپاكیشەوە بەڕێوەببرێت، دابەشبوونی شانۆكاران و ئەو پچڕپچڕییەی هەوڵ و تواناكانیان، هۆكارێكی تری ئەو قەیرانەیە، كە بەشێكیان كەوتونەتە ژێر هەژموونی حزبایەتی تەسك و دیدی ناوچەگەرێتی و دابەشبوون بەسەر زۆرن و رەنگ و باوەشی ئێرەو ئەوێ، كەچی پێگەی راستەقینەی هونەرمەند باوەش و خانەی میللەتە.
ئەو هونەرمەندە دێرینەی شاری هەولێر ئەوەش روون دەكاتەوە، كە بە درێژایی 63 ژیانی هونەری خۆی، بەشێكی مووچە و داهاتی رەنجی كاری خۆی خستۆتە خزمەت پڕۆژە هونەرییەكانی و وتی: بەدەستڕەنگینی خۆم لە بواری كاری دیكۆرسازی، بژێوی ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵم دابین كردووە، بۆیە چاوم لە دەستی هیچ لایەن و بەرپرسێك نەبووەو ئیش و كاری ئازادم هەڵبژاردووە، بۆئەوەی هونەرێكی ئازاد پەیڕەو بكەم و قسەو هەڵوێستی خۆم هەبێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان