عیماد قادر
رۆستەم عومەر تۆفیق، یاریزانی دێرینی هێڵی ناوەڕاست، سەرەتای ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی سەیداوە دەستپێكردووە، هەرزوو پەیوەندیی بە تیپە میللییەكانی شاری هەولێر دەكات بەهۆی ئاست بەرزیی قوتابخانەی ناوەندی سەیداوە.
پاشان بەشداری لە یاریەكانی دیكەش دەكات، وەك گۆڕەپان و مەیدان دەسكەوتێكی باشی وەرزشی بۆ ئەو قوتابخانە كۆدەكاتەوە، دواتر دەچێتە تیپی كارۆخ لەوێش ئاستێكی زۆر بەرز پێشكەش دەكات، وەك یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەر بەردەوام دەبێت.
ئەو یاریزانە جارێكی دیكە پەیوەندیی بە تیپی لاوانی سپۆرت دەكات، كە ئەوكات ئەو تیپە یاریزانێكی زۆر بەهرەمەند و چالاك روویان لەو تیپە دەكرد كە سەركەوت حیكمەت فەتاح سەرپەرشتی دەكرد.
رۆستم، دەستێكی باڵای هەبوو لەو تیپە و یاریزانێكی لێهاتوو بوو، لە كاتی یارییەكاندا ئاستێكی جوانی پێشكەش دەكرد و جێی متمانەی راهێنەر بوو. هەروەها لە تیپی(مەحەلەی عەرەب) یارییكردووە، كە ئەوكات نەجمەدین خەلیل سەرۆكی تیپ بانگهێشتی كرد.
ئەو یاریزانە دێرینە، توانی بۆ ماوەی سێ ساڵ جوانترین ئاست پێشكەش بكات و ببێتە جێگای متمانەی راهێنەرەكەی، جارێك خۆی بگەینێتە یاری كۆتایی ئەوەش یەكێكە لە دەسكەوتەكانی، هەر ئەوكات روو لە تیپی شورتەی هەولێر دەكات و لەسەر دەستی راهێنەری بە توانای شاری هەولێر(ئەكرەم حسێن) متمانەی تەواوی پێدەدرێت و دەبێتە یاریزانی سەرەكی ئەو تیپە.
پاشان پەپوەندیی بە یانەی برایەتی-ەوە دەكات، كە ئەوكات یەكێك بووە لە یانە هەر باشەكان و كۆمەڵێك یاریزانی باش و بە ئەزموون لەو یانەیە یاریان دەكرد، لەوانە هەشت یاریزانی لە ریزی یانەی هەولێر بوون، بەڵام ئەو بەهۆی ئاست بەرزییەوە، توانی لەگەڵ یانەی برایەتی بۆ یەكەمجار جامی خولی كوردستان بەرزبكاتەوە.
رۆستم عومەر، كەسایەتییەكی هێمن و خۆشەویست بوو لە ناو هاوڕێكانی و یاریگا و دەرەوەی یاریگادا، ئەو یاریزانە ئێستا لە گەڕەكی ئیسكانی شاری هەولێر دەژی و خەریكی نانەواییە لە یەكێك لە نانەواخانەكاندا.