ئا:.زەمەن خالید
هونەرمەندی دێرینی شاری هەولێر چەتۆ حەسەن، زیاتر لە 50 ساڵە كاری نووسین و نواندن و دەرهێنانی چیرۆكی تەمسیلی دەكات، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرنامەی فۆلكلۆری و ژیانی كوردەواری پێشكەشكردووە، لە بەسەركردنەوەیەكدا باس لە رەوشی ئێستای هونەریی لە شاری هەولێر و كوردستان بۆ كوردستانی نوێ دەكات و رایدەگەیەنێت: رەوشی ئێستای هونەری دراما و تەمسیل لەگەڵ ساڵانی پێشوو جیاوازە، بۆ ئەوەش چەندین هۆكار هەیە وایكردووە خەڵكی زیاتر تامەزرۆی بەرهەمەكانی ساڵانی پێشوو بن.
وتیشی: یەكێك لەو هۆكارەكانە بۆ ئەو بارودۆخە خراپە دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵانی رابردوودا بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بەتایبەتی لەرووی ئابووری و بژێوی ژیانی رۆژانە، ئەو رەوشە وایكرد هونەرمەندانی بە ئەزموون، ئەوەندە خەریكی پەیداكردنی پارووێك نان بن، ئەوەندە نەپڕژێنە سەر هونەر و بەرهەمی تازە.
پێشیوایە: راستە لەكاتی ئێستا كاری باش لێرەو لەوێ دەكرێت، هێشتا ئەكتەر و دەرهێنەری و نووسەری باشمان ماوە، بەڵام پەیامەكە وەكو خۆی ناگات بە بینەران و تامەزۆری خەڵك بە بەرهەمی كوردی تێر ناكات، جیاوازیەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر كارە هونەرییەكان تەنیا بۆ هونەر بوو، بەڵام بەشێكی زۆر ئەوانەی ئێستا، بۆ دەستكەوتی ماددی و بەرژەوەندیی ئەملاو ئەولایە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ هەموو ئەوانەش هیوایەك هەیە تا جارێكی تر هونەر بچێتە نێو خێزانەكان و رێگا لە بەرهەمی بیانی و وەرگێڕاوەكان بگرێت، كە ئەمڕۆ پانتاییەكی فراوانی داگیركردووە، هێشتا بارودۆخەكە لە دەست دەرنەچووە و گەنجانی باشمان هەیە، دەتوانن بەردەوامی بە كاروانی هونەری كوردی و كاری دراما بدەن، بەڵام ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی و رەخساندنی دەرفەتی كاركردن هەیە.
لەبارەی درامای(تاپۆ حەقی چییە) كە لە نووسینی خۆیەتی و زیاتر لە 40 ساڵە بەرهەم هاتووە وتی: تەمسیلی(تاپۆ حەقی چییە) یەكێكە لەو بەرهەمانەی تائێستاش لە دڵ و فكری بینەردا ماوەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە هەركاتێك دەق و دەرهێنەر و ئەكتەری باش هەبێت، دەتوانرێت درامای باش بەرهەمبهێنین، بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆكی ئەو بەرهەمە، گوزارشت بێت لە كۆمەڵگای كوردی و باس واقیع و ژیانی رۆژانەی خەڵك بكات.
وتیشی: تەمسیلی(تاپۆ حەقی چییە) لەبەرئەوەی باسی ژیانی ئاسایی خەڵكی دەكرد و بە زاراوەی هەولێری و، زیاتر چۆتە ناو خەڵك و پێشوازی لێكراوە، بۆیە پێموایە پێویستە هەر شار و ناوچەیەك بەرهەمەكانیان بە زاراوەی خۆیان پێشكەش بكەن، چونكە لەلایەك هونەرمەندان باشتر دەتوانن رۆڵی خۆیان بەرجەستە بكەن، لەلایەكی ترەوە زاراوەكان تێكەڵ بە یەكتردەبن و تاموچێژێكی تایبەتی دەبێت، لەهەمانكاتدا زمانی كوردی دەوڵەمەندتر دەكات.