ئا: سیڤان سامان
بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و خوێندكاران و ئارەزوومەندانی خۆشنووسیی، لە كتێبخانەی گشتی هەولێر، پێشانگایەكی تایبەت بە خۆشنووسیی بەناوی(زەخرەفەی دڵ )كرایەوە.
هونەرمەند دانا دارا بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوە شەشەمین پێشانگای خۆمە لە بواری خۆشنووسیی دەكرێتەوە، مەبەستم بوو شێوازی نووسین و جۆرەكانی خۆشنووسی بە میوانان بناسێنم، هەروەها بیسەلمێنین كە ئێمەش توانا و بەهرەمان هەیە لەو بوارە.
وتیشی: جگە لە كوردستان، لە وڵاتان گرنگی زۆر بە بواری خۆشنووسیی دەدرێت و ساڵانە چەندین پێشانگا و چالاكی بۆ ئەنجامدەرێت، بۆیە پێویستە لە كوردستانیش هەمان گرنگی پێبدرێت، وەك بەشێك لە كەلتوری خۆمان سەیری بكەن.پێشی وابوو: پێویستە خۆشنووسی ببێتە یەكێك لە مادەكانی پڕۆگرامی خوێندن، تا هەرزوو ئارەزوومەندان و بەهرەداران بدۆزرێنەوە و لەو بوارەدا خزمەت بكەن.