و: عه‌بدوڵڵا مه‌حمود زه‌نگەنه
تیاگۆ فۆرتی له‌میانه‌ی 11 توێژینه‌وه‌وه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی روون ده‌كاته‌وه‌و باس له بنچینه‌كانی پێكهێنانی عه‌قڵی دووه‌م و چۆنێتیی كاركردنی ده‌كات
تیاگۆ فۆرتی
بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م، توێژینه‌وه‌یه‌كی گرنگی نووسه‌ر و توێژه‌ری ئه‌مریكی(تیاگۆ فۆرتی)یەو له‌لایه‌ن حه‌نان شافیعیی شاعیر و وه‌رگێڕی میسرییەوە كراوه به عه‌ره‌بی. توێژینه‌وه‌یه‌كه بۆ رزگاربوونی مرۆڤی هاوچه‌رخە له خووگرتن به ئینته‌رنێت و ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه په‌رش و بڵاوه‌كان كه هه‌ندێكیان بێسه‌روبه‌ر و بێسه‌رچاوه‌ن. چه‌ندین پێشنیازی كارایش ده‌خاته به‌رده‌ست، بۆ رێكخستنی ژیانی دیجیتاڵی و زه‌مینه‌سازكردن بۆ ئازادیی ته‌واوی داهێنان و بنچینهدانان بۆ هونه‌ری كارگێڕیی مه‌عریفه و قووڵكردنه‌وه‌ی ته‌ركیز و زیاتركردنی به‌رهه‌مهێنان و گۆڕینی هزر و بیره‌كان به ده‌ستكه‌وت.
ئایا دەستەواژەی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م، واته مرۆڤ ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری عه‌قڵی یه‌كه‌می بێت و توانا سروشتییه‌كانی كه‌مبكاته‌وه و له به‌رته‌سكترین سنووردا قه‌تیسیان بكات و عه‌قڵێكی دیکە دروستبكاته‌وه؟ بێگومان نه‌خێر و مه‌به‌ستی تیاگۆ فۆرتی له بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م، چۆنێتیی به‌كارهێنانی هه‌مان عه‌قڵه له رێكخستنی مامه‌ڵه‌كردنی رۆژانه به ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان به‌پێی سیستەمێكی تایبه‌ت به كاروباره‌كانی مرۆڤ خۆی و به‌ڕێوه‌بردنی زانیارییه مه‌عریفییه‌كان و بیركردنه‌وه‌ی له ورده‌كارییه‌كانی ژیانی. ئه‌م بونیاده عه‌قڵییه نوێیه‌ی كە پێیده‌گات، وه‌ك بنچینهدانانه بۆ كۆگایه‌كی رێكخراو له‌مێشكدا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو بیرۆكه و تێبینی و داهێنان و كاره‌كانی به هاوسه‌نگی، دوور له شپرزه‌یی كه ره‌نگه به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی ته‌كنۆلۆژیا و ده‌رهاویشته‌كانی شۆڕشی زانیارییه‌كان و شه‌پۆلی داتاكان و خووگرتن به ئینتەرنێت و قه‌یرانه نوێ و قورسهكانیانهوه تووش بێت، هه‌موو ئه‌وانه كاریگه‌ریی نه‌رێنییان هه‌یه له‌سه‌ر منداڵ و تازه‌پێگه‌یشتوو و گه‌نجان و ره‌نگه ببینه هۆكاری له‌ده‌ستدانی شوناسی ئازادانه و تهناهنهت متماهنهیشیان به‌خۆیان.
توانا گه‌وهه‌رییه‌كان
نرخ و به‌های شه‌پۆلی داتا و زانیارییه‌كان له چیدایه ئه‌گه‌ر له هه‌ر ساتێك‌دا و له هه‌موولایه‌كه‌وه مرۆڤ گه‌مارۆ بدات و نه‌شتوانێت سوودیان لێوه‌ربگرێت؟ عه‌قڵ چۆن له‌و توناوتوون و ونبوون و پهرشبوونهی زانیارییانه رزگاری بێت، وه‌ك ته‌قینه‌وه‌یه و ئه‌گه‌ری چهواشهبوونی زۆری لێده‌كرێت به‌هۆی زانیاریی هه‌ڵه و درۆ و ئاراسته‌كراوه‌وه بۆ سه‌رلێشێواندن و چه‌واشه بوون؟ له‌م كتێبەی(تیاگۆ فۆرتی)دا، ده‌بێ عه‌قڵی یه‌كه‌م وه‌ك عه‌قڵێكی دیکەی به‌توانا له خۆقایمكردن و خۆپاراستن و رێكخراو له به‌ڕێوه‌بردن و په‌یبردن به به‌هره‌و وزه و توانا خودییه دیار و نادیاره‌كانی تاك و وه‌ك سامانێكی راسته‌قینه و هه‌میشه بونیاد بنرێته‌وه.
نووسه‌ر له‌و كتێبه‌یدا كه بۆ بیست زمانی جیهانی وه‌رگێڕدراوه، میتۆدی مرۆڤدۆستانه ده‌خاته‌به‌ر دیدی خوێنه‌رانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داهێنانی له میانه‌ی كۆمه‌ڵێك بنه‌ما بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی میكانیزمی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م و رێكخستنی په‌یوه‌ندیی به سه‌رچاوه‌كانی مه‌عریفه و پێگه‌كانی كۆمنیوكهیشنه جۆراوجۆره‌كانه‌وه.
تیاگۆ فۆرتی له‌و كتێبه‌یدا كه 300 لاپه‌ڕه‌یه، ده‌یه‌وێت مرۆڤ بگه‌ێنێت به‌هه‌ماهه‌نگیی زه‌ینی و هه‌ستكردنی به‌هێز و ته‌ركیز و توانا بۆ نووسین و كورت و پوختكردنهوهو دۆكۆمێنتاری و به‌هێزكردنی وزه‌كانی داهێنان، له‌جێی هه‌ستكردن به ماندووێتی و بێتوانایی له‌ئاستی شه‌پۆلی زانیارییه‌كان.
له كۆكردنه‌وه‌وه بۆ به‌شداری
تیاگۆ فۆرتی له‌میانه‌ی 11 توێژینه‌وه‌وه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی روون ده‌كاته‌وه‌و باس له بنچینه‌كانی پێكهێنانی عه‌قڵی دووه‌م و چۆنێتیی كاركردنی ده‌كات، وێڕای رێگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی زانیاریی پێویست و رێكخستنه‌وه و پوخته‌كردن و گوزارشت و به‌ده‌ستهێنانی ئامرازه‌كانی گۆڕین و هونه‌ری به‌جێهێنانی داهێنانه‌كان و نه‌ریته سه‌ره‌كییه‌كانی رێكخستنی دیجیتاڵی و ئاراسته‌كانی گوزارشتكردن له خود و زۆر بنچینه‌ی تریش، كه سیستەمی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م و كاراكردن و سوودبینیان لێدهكهوێتهسهر. ئامانجیش له‌به‌كارهێنانی عه‌قڵی دووه‌م له تیۆره‌كه‌ی فۆرتیدا ئه‌وه‌یه: مرۆڤ له به‌كاربه‌رێكی نه‌رێنیی شپرزه له ئاستی هه‌زاران كتێب و وتار و بۆدكاست و ڤیدیۆی بێسووده‌وه، بگاته كه‌سێكی كارای ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌عریفانه‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت و چۆنێتیی به‌رجه‌سته‌كردنی كرداریی له كه‌تواردا تاده‌گات به‌وه‌ی بگاته ئاستی داهێنان و خاوه‌نی دیدی خۆی، به‌جۆرێك بتوانێت به‌رهه‌مدارانه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌ركه‌وتوودا به‌شدار بێت و ئامانجه‌كانی به‌دیبێنێت و بگات به‌وپه‌ڕی خواسته‌كانی.
ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌بێته خاوه‌نی عه‌قڵی دووه‌م، ته‌نها هێنده‌ی به‌س نییه زانیاری كۆبكاته‌وه‌و كه‌ڵه‌كه‌یان بكات، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌وڵی به‌شداربوونی هه‌بێت له دروستكردنی ناوه‌ڕۆكی زانیاریی و مه‌عریفه به‌هاداره جێمتمانهكان له‌میانه‌ی ئه‌زموونه كه‌سێتی و به‌هره‌كانی داهێنانه‌وه بۆ كاركردن. ئه‌مه‌یشی كاتێك بۆ به‌دیدێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بتوانێت له‌ڕێی عه‌قڵی دووه‌می بونیادنراویهوه به دروستی زانیارییه‌كان وه‌ربگرێت. سه‌رباری روونی و ورده‌كاری و ئاسانیی هزر و بیره‌كانی، تیاگۆ فۆرتی په‌رۆشه بۆ كورت و پوختكردنه‌وه‌ی به‌رنامه رۆشنبیرییه‌كه‌ی، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ئاسانییش به‌كاریان بێنێت بێئه‌وه‌ی پێویستیی به به‌هره‌ی تایبه‌تی وه‌رگرتن هه‌بێت، به‌وجۆره‌یش ده‌توانێت لێكۆڵینه‌وه له عه‌قڵی دووه‌م بكاته رێنوێنی و رێنمایی هه‌موو وزه‌و توانا بێسنوورهكانی عه‌قڵی بگرێته‌وه. له رۆشنایی ئه‌و سیستمهیدا، فۆرتی خوێنه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئهلف و بێی كارگێڕی مه‌عریفه و زانیارییه‌كان و رێكخستنی هزر و بیره‌كان و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان و زیادكردنی به‌رهه‌مهێنان و ئازادكردنی داهێنان و به‌جێگه‌یاندنی پرۆژه‌كان، به‌وپه‌ڕی لێهاتوویی و به‌هێزكردنی چالاكییه كه‌سێتییه‌كانی و باشتركردنی جۆرێتیی ژیانی به‌گشتی.
نووسه‌ر ده‌یه‌وێت وانه و بیروبۆچوونه‌كانی بچه‌سپێنێت و به‌كه‌ڵكی به‌كارهێنانی هه‌موو كه‌سێك بێت، به‌ومه‌رجه‌ی دڵنیابێت له‌وه‌ی سیستەمێكی متمانه‌داری هه‌یه و ده‌توانێت به عه‌قڵی دووه‌می به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ورده‌كارییه‌ك بكات. مرۆڤ چه‌نده زووتر ئه‌و سیستەمه بونیادبنێت، زووتریش ده‌گات بهچاكتركردنی كه‌سێتی و ژیانیشی. نووسه‌ر بۆ نووسینی كتێبه‌كه‌ی به‌دواداچوونی كردووه بۆ چۆنێتیی كاركردنی بیرمه‌ند و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و داهێنه‌ره به‌رهه‌مداره‌كانی رابردوو و ئێستایش، جگه له‌به‌دواداچوونی بۆ چۆنێتیی به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیا له‌به‌هێزكردنی توانای مه‌عریفی سروشتیی مرۆڤه‌كان.
هەرچی نه‌ریته بنچینه‌ییه‌كانی رێكخستنی دیجیتالییه، كه بنچینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌مه و ده‌بێته هۆكاری پێكهێنانی عه‌قڵ و كه‌سێتییه‌كی سیستماتیك و ئاماده بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وام، نووسه‌ر له چه‌ند خاڵێكدا پوختیان ده‌كاته‌وه: دانانی لیستی پێداچوونه‌وه‌ی كاره‌كان، دڵنیابوون له چۆنێتیی ده‌ستپێك و كۆتاییهێنان، سوودبینین له ئه‌زموونه‌كانی پێشوو، پێداچوونه‌وه‌ی هه‌فتانه یان مانگانه بۆ چه‌سپاندن و یان گۆڕینی ئه‌وه‌ی پێویستی به‌گۆڕین هه‌یه، به هه‌ندوه‌رگرتنی هه‌موو ده‌رفه‌تێك به بچووكهكانیشهوه بۆ هه‌مواركردنه‌وه بێت یان رێكخستنیان. هه‌روه‌ها چوار هه‌نگاویش ده‌مێنێت بۆ ته‌واوكردنی میتۆدی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م: هه‌موو ئه‌و شتانه به‌هه‌ند بزانه له ناخه‌وه هه‌ستیان پێده‌كه‌یت، كاره‌كان رێكبخه، گرنگه‌كان پێشبخه، بچۆره گهوههرهكانیانهوه، پاك و پوختیان بكه‌ره‌وه، خه‌ڵكی تریش له پرۆژهكانتدا به‌شدار بكه. باشترین ده‌ستكه‌وتی بونیادنانه‌وه‌ی عه‌قڵی دووه‌م:(وه‌رچه‌رخانه له بینینی جیهان به هاوێنه‌ی كهمدهستكهوتییهوه بۆ بینینی به هاوێنه‌ی فرهدهستكهوتی).
سه‌رچاوه:
شەریف ئەلشافیعی، ئیندیپێندنت-ی عەربی، 10-11-2024.