كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە و بە فێڵ پارە لە چەندین كەس وەرگیراوە..

كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان: لە هەولێر نزیكەی سێ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی وەهمی هەیە

12:48 - 2024-12-19
کوردستان
24 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوونی وەهمی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە و بە خەڵك فرۆشراون و بڕە پارەیەكی زۆریش وەرگیراوە.
كارزان رەسوڵ سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ژمارەیەك پرۆژە و یەكە بەشێوەی وەهمی بڕیاری دروستكردنیان دراوە و بە فێڵ پارە لە خەڵك وەرگیراوە، كە لە سنووری هەولێر ژمارەكە 2800 یەكەیە و خەڵكیش بەمەبەستی كڕین و بوون بە خاوەنی یەكەیەكی نیشتەجێبوون، گرێبەستیان لەگەڵ وەبەرهێندا كردووە، بەڵام دەركەوتووە ئەو یەكانە وەهمین.
ئاماژەی بەوەشكرد كە فرۆشتنی یەكەی نیشتەجێبوون بەشێوەی وەهمی لە شارێكی وەك هەولێردا جێگای پرسیارە، چونكە ئەو وەبەرهێنە بۆ فرۆشتنی یەكەكانی، پێویستی بە نووسینگە و ئۆفیسی تایبەت بە یەكەكەی دەبێت، دیارە ئەوەش بەبێ مۆڵەتی لایەنی دیاریكراو رێگای پێنادرێت، بۆیە نازانین چۆن ئەو فێڵە لە خەڵك كراوە، ئەوەشی مایەی سەرسوڕمانە خاوەنی ئەو یەكە و پرۆژانە دەستگیرنەكراون.
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان ئەوەشی ئاشكراكرد كە «بەشێك لە وەبەرهێنەرانی هەولێر، ئەوەندە بەهێزن، بە فڕۆكەوە و لە ئاسمانەوە زەوی بۆ پرۆژەكانیان دیاریدەكەن، دواتر وەریشیدەگرن، لەكاتێكدا لە هەر شارێك ماستەرپلان هەیە و ناكرێت بەبێ پلان زەوی بەمەبەستی دروستكردنی پرۆژە بدرێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان