زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

واقیعی گریمانەیی

10:48 - 2024-12-19
کەلتور
12 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

واقیعی گریمانەیی(Vertual Reality ،الواقع الإفتراضي)، بریتییە لە بوونی شتەکان لە زەین و هەستی خەیاڵکراودا نەک لە واقیعی راستەقینەدا، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە واقیعی گریمانەیی بریتییە لەو خەیاڵەی (یان لەراستیدا: لەو خەیاڵکراوەی) کە هۆیەکانی تەکنۆلۆجیا دروستی دەکەن، وشەی گریمانەیی لەم زاراوەیەدا ئاماژە بۆ واقیعێک دەکات کە لە بنەڕەتدا کەرەستە دیجیتالییەکانی کۆمپیوتەر دروستی دەکەن، لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا واقیعی گریمانەیی پەیوەستە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەرییەوە نەک بە بوونێکی ماتریاڵی، لە رێگەی خەیاڵ و هەستەکانەوە دەگوازرێتەوە. لەلای  بیرمەندی فەرەنسی جان بۆدریار، وشەی گریمانەیی سەر بە رەگەزی خەیاڵ و خەیاڵکردە بۆ شتگەلێک کە واقیعی نین و شوێنی واقیع دەگرنەوە.
 ئەم چەمکە گرێ دراوە بە دنیای مۆدێرن و پۆست مۆدێرنەوە، هەروەها بەو گۆڕانکارییانەی لە سەدەی نۆزدە و شۆڕشی پیشەسازییەوە دروست بوون تا سەردەمی پۆست پیشەسازی و شۆڕشی ئەلیکترۆنی و زیرەکیی دەستکرد، بۆ نموونە کاریگەرییەکانی داهێنانی چاپخانە لە سەدەی پانزەدا، تەلەفۆن و ئامێری فۆتۆ لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، رادیۆ لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، تەلەفیزیۆن لە نیوەی یەکەمی ئەو سەدەیەدا، لە سەرەتادا خەڵکی کە تەماشای تەلەفیزیۆنیان دەکرد سەیری پشتی ئامێرەکەیان دەکرد تا بزانن بێژەرەکە لەکوێیە، یان تەماشای ژێر ئامێرەکەیان دەکرد بزانن قاچی گۆرانیبێژەکە دیارە؟ بۆ ئەوەی بۆیان دەربکەوێت ئایا ئەمە راستییە یان گریمانەییە، ئەمە پەیوەندیی بە شۆکی مۆدێرنە و شۆکی کەلتوریشەوە هەیە، شۆکی کەلتوری لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکاندا هەبووە، لەوانەیە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و پاشان هاتنی فرۆکە، یەکەمین شۆک بووبێت سەبارەت بە وڵاتانی پاشکەوتوو، ئینجا هاوردەکردنی رادیۆ و بەتایبەتی تەلەفیزیۆن ئەو شۆکەی گەورەتر کرد، بێگومان بەر لەو شتانەش، هاتنی رۆژنامە و تەلەگراف و سینەما و گرامافۆن، هەمان کاردانەوەی دەروونییان لەلای خەڵکیدا هەبووە، لە سەردەمی ئەمڕۆشماندا زیرەکیی دەستکرد تا ئەندازەیەکی سەرسوڕهێنەر واقیعی گریمانیی تێکەڵ بە واقیعی راستەقینە کردووە بە جۆرێک نازانیت ئایا ئەمە رووداوی خەیاڵکردە یان واقعییە.
لێرەدا پەیوەندییەکانیش لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر، پەیوەندیی گریمانەیین، تەنانەت کۆمەڵگەش دەبێت بە «کۆمەڵگەی گریمانەیی»، ئەم چەمکە پەیوەندیی بە چەمکی «کۆمەڵگەی شل» هەیە کە زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگەی تەقلیدی، لە سەردەمی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایل و فەیسبوک و تویتەر و تیک تۆکدا کە تەنانەت چۆتە نێو پەیوەندیی خۆشەویستی و هەڵبژاردنی هاوسەریشدا، بۆ نموونە (سێکسکردن لە دوورەوە)، یان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، کە دەبێت بە سێکسکردنێکی گریمانەیی، لێرەدا واقیعی گریمانەیی دەبێت بە خۆشییەکی رۆحی یان دەروونی.
لێرەدا، لەرێگەی شاشەی سێ رەهەندییەوە(3D) ، سنوورەکانی نێوان گەیم و گەشت و فیلم تێکەڵ دەبن، گەنجان لەرێگەی پلەی ستەیشنەوە بە جۆرێک دەچنە ناو گەیمەکانەوە وەک ئەوەی لەنێو واقیعێکی راستەقینەدا بن، گەمەی دووگۆڵی دەکەن، یان بەنێو فەزای گەردووندا گەشت دەکەن، یان تۆ لەرێگەی زیرەکیی دەستکردەوە بەجۆرێک گەشتی وڵاتان دەکەیت وەک ئەوەی بەراستی ئەو شار و وڵاتانە ببینیت، لەکاتێکدا تۆ، بە دەنگ و رەنگ، گەشتێکی گریمانەییت کردووە، بۆ نموونە تۆ لەو گەشتە خەیاڵکراوە ئەلیکترۆنییەدا هەستێکی راستەقینەت هەیە کە بەنێو شەقامەکانی پاریسدا پیاسە دەکەیت و لە مۆزەخانەی لۆفێر تەماشای تابلۆ بەنرخەکان دەکەیت. ئەمە واقیعی گریمانەیی دەکات بە بەشێک لە واقیعی کۆمەڵایەتی، لەبری ئەوەی بەراستی گەشتی پاریس بکەیت بەڵام ڤیزە و توانای دارایی ئەو گەشتەت نییە، دەتوانیت بەشێوەیەکی گریمانەیی لەرێگەی ئینتەرنێتەوە ئەو گەشتە ئەنجام بدەیت.
بەر لە داهێنانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، کتێب واقیعی گریمانەیی بۆ خوێنەر دەخوڵقاند، بەتایبەتی لەکاتی خوێندنەوەی رۆماندا بە خەیاڵ دەچوویتە نێو جیهانێکی دیکە و ژینگەیەکی جیاواز، بە جەستە لە ژوورەکەی خۆتدا بوویت، بەڵام بە خەیاڵ دەچوویتە نێو واقیعێکی دیکەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان