لێدوانێکی رۆژنامەوانی راوێژکارێکی سودانی لەبارەی گرووپە چەکدارەکان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق بڕیاری قەدەغەی لێدوان لەلایەن راوێژکارەکانەوە بەبێ مۆڵەتی رەسمی بۆ میدیاکان دەرکرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە، سودانی راوێژکارەکانی حکومەتەکەی ئاگادار کردووەتەوە، بەبێ مۆڵەتی رەسمی هیچ جۆرە زانیارییەک نەدەن بە میدیا کە پێچەوانەی چوارچێوە گشتییەكانی ئیدارەدانی دەوڵەت بێت.
سودانی بە راوێژکارەکانی گوتووە، هەر یەکێکتان قسە بۆ میدیا دەکات، سازش بکات لە پۆستەکەی و خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی.
بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران پاش ئەوە دێت، ئیبراهیم سمێدعی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكردبوو، حکومەتی عیراق لە لایانە ناوخۆیی و نێودەڵەتییەکانەوە داوایلێکراوە گرووپە چەکدارەکان چەک بکات، هۆشداری بە عیراق دراوە لە مەترسییەکانی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکە.