بەرێوەبەراتی هاتووچۆی هەولێر، لەراگەیاندراوێکدا ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە بەهۆی قەرەباڵغی زۆرەوە، بڕیاریانداوە لە رۆژانی هەینیدا بۆ ماوەی حەوت سەعات هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری شاری هەولێر قەدەغە بكەن.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، لەبەرئەوەی ڕۆژانی هەینی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی و گەشتیار سەردانی سەنتەری شاری هەولێردەکەن، بە تایبەتی بازاڕی شێخەڵا و پاركی نافورەی بەردەم قەڵات، پیادەڕۆ و ئۆتۆمبێل تێكەڵ بەیەك دەبن لەو شەقامانەدا، ئەمەش بە بەردەوامی دەبێتە هۆكاری خنكانی شەقامەكە و دروستبوونی جەنجاڵی و سیمایەكی ناشیرن بە شەقامەكانی ناو بازاڕ دەدات.
راشیگەیاند، لەبەرئەو هۆكارە بڕیاردرا هاتووچۆكردن لەسەنتەری شاری هەولێر تەنها بە پیادە بێت لە كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ تا هەشتی ئێوارە و لەدوای ئەوكاتەوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ناو سەنتەری شار ئاسایی دەبێتەوە.