دووشەمەی داهاتوو لە دانیشتنێکدا دادگای فیدراڵی عیراق، دوو سکاڵا تاوتوێدەکات کە تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی دووشەممە چەند سكاڵایەك تاوتوێدەكات كە دوو سكاڵایان پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە.
لە سكاڵای یەكەمدا كە لەلایەن خالید مستەفا حسێن لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە و تیایدا داوادەكات وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٦، بە نادەستوری لەقەڵەم بدات و دەستەیەك بە ناوی دامەزراوەی شەهیدان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ببەسترێتەوە.
لە سكاڵای دووەمیش كە هەر هەمان كەس تۆماریكردووە، داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات وەزارەتی ئەوقاف و كاروباریی ئاینی هەرێم بەپێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ بە وەزارەتێكی نادەستوریی دابنێت و دەستەیەك بۆ ئاین و ئاینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ببەسترێتەوە.