نە بارینی بڕی پێویستی باران هۆکارە ..

زۆربەی جووتیارانی دەشتی هەولێر گەنم و جۆیان نەچاندووە

10:09 - 2024-12-22
ڕاپۆرت
33 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


ئەمساڵ بڕی پێویستی بارینی باران بۆ کشتوکاڵ لە هەرێمی كوردستان دواكەوتووە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، زیان بەر بەشێکی زۆر لە جووتیاران دەکەوێت و ناتوانن زەوییەکانیان بچێنن.
حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو جووتیارانەی بیری ئاویان هەیە و گەنم و جۆ بەشێوەی ئاودێری دەچێنن كێشەی نە بارینی بارانیان نییە، بەڵام ئەوانەی زەوییەكەیان بە شێوەی دێمی دەچێنن و پشت بە باران دەبەستن بۆ ئەوان ئەمساڵ باران زۆر دواكەوتووە، دەتوانم بڵێم لە سنووری دەشتی هەولێر هیچ رێژەیەك نەباریوە كە پێویستە بۆ كشتوكاڵ و گەنم و جۆ.

کاتی گونجاوی چاندن
لە ساڵانی رابردوودا، سەرەتای مانگی یانزە بڕی پێویست باران باریوە و جووتیارانی دەشتی هەولێر لە 15/11ەوە دەستیان کردووە بە کێڵان و چاندنی زەوییەکانیان بە گەنم و جۆ.
وتیشی: جووتیاران ئەگەر ئێستا تۆو بچێنن بە تایبەتی بۆ گەنم هیچ هیوایەكیان نییە بەرهەمێكی باشیان هەبێت، بە تایبەتی کە چووینەتە ناو مانگی 12، بەڵام بۆ بەرهەمی جۆ هێشتا كاتی چاندن ماوە.
جووتیاران پێیانوایە لە دەشتی هەولێر نەک پەڵەی نەداوە، بەڵكو بارانێكی وا نەباریوە كە زەوی بە قووڵی سێ میللیمەتر تەڕ ببێت و بتوانرێت گاسن بۆ کێڵانی بەكاربهێنرێت، بەڵام دۆخی جووتیارانی ناوچە کوێستانەکان باشترە.
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی جووتیارانی كوردستان دەڵێت: ژمارەی ئەو جووتیارانەی پشت بە ئاوی بیر دەبەستن بۆ چاندن زیادی کردووە، هەرچەندە دۆخەکە کاریگەریی لەسەر کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی هەیە، بەڵام جووتیاران ناچارن بۆئەوەی بەرهەمێکی باشیان هەبێت پشتی پێ ببەستن.
ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەر ئەوەیە ئەمساڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم قەرەبووی زیانی جووتیاران بكاتەوە، بۆ ساڵانی داهاتووش هەوڵبدەن پرۆژەیەكی ئاودێری بە شێوەی جۆگەلە بۆ جووتیاران لە زێی كەڵەك رابكێشن، هەرچەندە لە ساڵی 2008 بڕیار بوو پرۆژەیەكی ئاو بۆ ناوچەی شەمامك رابكێشن، بەڵام تائێستا نەکراوە.

کات ماوە
نەبارینی باران بەبڕی پێویست وادەکات ئەو جووتیارانەی بەشێوەی دێمی گەنم و جۆ دەچێنن، ئەمساڵ بەرهەمیان نەبێت و ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونی گەنم لە بازاڕدا و گرانبوونی نرخەکەی.
هەڵكەوت محەمەد ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان دوو پارچە زەوی هەیە و لەبەر نەبارینی بڕی پێویستی باران ئەمساڵ گەنم و جۆی نەچاندووە و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی بارینی باران دواكەوتووە، بەڵام ئەگەر لە مانگەكانی داهاتوودا ساڵەكە پڕ باران بێت هێشتا بوار ماوە تاكۆتایی مانگی 12 تۆو بچێنرێت.
وتیشی: لە ئەگەری نەچاندنی بەرهەمی گەنم و جۆ جووتیاران ناتوانن، بەرهەمی تری كشتوكاڵی وەک گەنمەشامی بچێنن لەبەرئەوەی ئەویش ئاوی دەوێت، بۆیە تەواوی جووتیاران دڵتەنگن بەو دۆخە وشكەساڵییە.

پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ
سەبارەت بەو دۆخە سروشتییەی رووی لە جووتیارانی هەرێم كردووە هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گیروگرفتەكانی بابەتێكی جیهانییە، ئەمساڵ توانیمان بە بڕێك بنەتۆوی گەنم هاوكاری جووتیاران بكەین كە شەش هەزار تۆن بوو، بە نرخی پاڵپشتیكراو بەسەر جووتیاراندا دابەشمانکرد.
وتیشی: دەرمانی كوێرو-مان بەسەر جووتیاراندا دابەشكردووە بۆئەوەی گەنمەكانیان تووشی (تەفەحوم) نەبێت، هەروەها لیژنەیەكیش لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران دروستكراوە بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمەی لە دوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی سایلۆكان دەمێنێتەوە، ئەو هەنگاوانە وەزارەت ناویەتی بۆ چارەسەركردنی بەشێکە لە كێشەكانی جووتیاران.
لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەیەكی هەبوو بە ناوی (بودجەی پاڵپشتی كشتوكاڵی) بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی لە كارەساتە سروشتییەکانی وەك، لافاو، سووتان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كشتوكاڵیی یان قەیرانی دارایی زیانیان بەردەکەوێت.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: سەرباری ئەو پێشكەوتنەی لە كارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵدا بەدیهاتوون، لەم كابینەیەی حكومەتدا ئەو بوجەیە لە بەردەستی وەزارەتدا نییە، بۆئەوەی بتوانێت راستەوخۆ ئەو پلانەی هەمانە جێبەجێی بكەین.
باسی لەوەشكرد: زۆرجار داواكاری و كێشە و پلانی وەزارەتیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەرزکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و نا هاوسەنگی بارودۆخی دارایی بۆیان دابین نەکراوە، بۆئەوەی بتوانن زیاتر پاڵپشتی جووتیاران بن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان