جیفری فرانكل*
ئه‌و هه‌موو سزایایه، ره‌نگه كاردانه‌وه‌ی خراپی به دوادا بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گومرگی %100 به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندامی برێكسدا جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێبكه‌وێته‌وه
ساڵی 2023 سه‌رانی وڵاتانی برێكس، واته به‌رازیل، روسیا، هیندستان، باشوری ئه‌فریقا و چین باسیان له پێكهێنانی دراوێكی نوێی هاوبه‌شی نێوانیان كرد، لویس ئیگناسیۆ لۆلا داسیلڤا-ی سه‌رۆكی به‌رازیل زۆر راشكاوانه پشتیوانیی له دراوێك ده‌كرد وه‌ك جێگره‌وه‌ی دۆلار، كه به درێژایی 75 ساڵی رابردوو دراوی باڵاده‌ستی جیهانه، ڤلادیمێر پوتین-ی سه‌رۆكی روسیاش له كۆنگره‌ی برێكسی تشرینی یه‌كه‌مدا به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی بۆ دروستكردنی دراوێكی ره‌زمی بۆ گروپی برێكس ده‌كرد، ره‌نگه ئه‌ندامه نوێیه‌كانی برێكسیش ببنه به‌شێك له‌و دراوه هاوبه‌شه‌ی باسی ده‌كرێت.
هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ ته‌نیا بۆ وڵاتانی برێكس نییه
ئه‌م پێشنیازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دۆلاره، دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی تازه هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكای تووڕه كرد و ئه‌وه بوو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گومرگی %100ی له‌و وڵاتانهكرد كه ده‌یانه‌وێ پشت له دۆلار بكه‌ن، نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌و پێش بوو، كه تره‌مپ وتی: داوا ده‌كه‌ین ئه‌و وڵاتانه دراوێك بۆ برێكس دروست نه‌كه‌ن و پشتیوانیی له هیچ دراوێكی دیكه‌ش نه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دۆلار بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا به رێژه‌ی %100 گومرگ ده‌خه‌ینه سه‌ر كاڵاكانیان.
ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌یه دوای ئه‌وه دێت كه تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گومرگی به رێژه‌ی %25ی له مه‌كسیك و كه‌نه‌دا كردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه رێگه له به قاچاخبردنی مادده‌ی (فێنتانیل) بگرن بۆ ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گومرگی به رێژه‌ی %60 به‌سه‌ر كاڵای چینی‌دا كردبوو، بۆ وڵاتانی دیكه‌ش كه هاوبه‌شی بازرگانین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هەڕەشه‌ی سه‌پاندنی گومرگی به رێژه‌ی %10 بۆ %20 كردبوو.
پێویستی به بنكه‌یه‌كی نیشتمانیی هه‌یه
تره‌مپ وا سه‌یری دراوی نوێی برێكس ده‌كات، كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر دۆلار، به‌ڵام پرۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره، به بێ هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ-یش له‌وه ناچێت سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له دراوی نوێی برێكس، دراوێك بێت شانبه‌شانی دراوه نیشتمانییه‌كانی ئه‌ندامی برێكس كار بكات، ئه‌وا هیچ قورساییه‌كی نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر دراوێكی نێوده‌وڵه‌تی پێویستی به بنكه‌یه‌كی نیشتمانیی هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه، زمانی ئینگلیزی ببێته زمانی هاوبه‌شی جیهان، نه‌ك زمانی ئیسپرانتۆ، كه زمانێكی دروستكراوی هاوبه‌شی جیهانییه، روونتر باسی بكه‌ین، گروپی برێكس بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دراوێكیان هه‌بێت كه كێبڕكێی دۆلار بكات، پێویسته وڵاتانی ئه‌ندام یه‌كێتییه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دراو پێكبهێنن و ده‌ستبه‌رداری دراوی نیشتمانیی خۆیان ببن و یه‌ك بانكی ناوه‌ندیی دابمه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی دراوه نوێیه‌كه بكات، به‌ڵام وڵاتانی ئه‌ندامی برێكس ئابووریی جیاوازیان هه‌یه و جیاوازییه‌كه‌شیان تا ئه‌و راده‌یه‌یه، كه ئه‌سته‌مه بتوانن یه‌كێتییه‌كی دراویان هه‌بێت.
ئامانجی هاوبه‌ش
ئه‌و گروپانه‌ی كه یه‌كێتیی دراوی سه‌ركه‌وتوو دروست ده‌كه‌ن، خاوه‌ن ئابوورییه‌كی بچووك و پێكه‌وه به‌ستراون، كه بازرگانیی فراوان له نێوانیاندا هه‌یه و له هه‌مان كاتدا ئامانجی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندیی كه‌لتوریی و كار و بازاڕی هاوبه‌شیان پێكه‌وه هه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئابووریی وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌ر گروپێك، زۆر له یه‌كه‌وه دوور بن و جیاواز بن، زۆر جار وا رێك ده‌كه‌وێت یه‌كێك له‌و وڵاتانه رووبه‌ڕووی پاشه‌كشه‌ی ئابووری ده‌بێته‌وه و ئه‌و دیكه له گه‌شه‌كردندا ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه له هه‌ر جۆره یه‌كێتییه‌كی دراودا پێویسته وڵاتی ئه‌ندام ده‌ستبەرداری كۆنترۆڵكردنی هه‌ندێك شت بێت، له‌وانه: لێشاوی نه‌ختینه، نرخی سوود، له‌گه‌ڵ نرخی فرۆش، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ش جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا توانای به‌رگه‌گرتنی گۆڕانكارییه ئابوورییه‌كانی نامێنێت، كه ناوبه‌ناو سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه‌ش ئه‌گه‌ری هه‌یه په‌ل بكێشێت بۆ ناسه‌قامگیریی ئابووریی گشتی و گه‌یشتن به دۆخێكی نه‌خوازراوی كۆمه‌ڵایه‌تیش.
یه‌كێتیی دراوی خۆرهه‌ڵاتی كاریبی
نموونه‌ی یه‌كێتیی دراوی سه‌ركه‌وتوو له ناوچه‌كانی فرانكی ئه‌فریقیدا ده‌بینرێت، كه وڵاتانی خۆرئاوای ئه‌فریقا و ناوه‌ندی ئه‌فریقای له‌خۆ گرتووه، ئه‌وان دراوێكی هاوبه‌ش به‌كارده‌هێنن و به‌ستراونه‌ته‌وه به یۆرۆوه، هه‌روه‌ها یه‌كێتیی دراوی خۆرهه‌ڵاتی كاریبی، كه دوورگه ئینگلیزیزمانهكان به كاری ده‌هێنن، وه‌ك ئه‌نگیلا، ئه‌نتیگۆ و باربادا، ئه‌مانه یه‌كێتییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كانیان لێك نزیكن و له رووی كه‌لتوری و مێژووییشه‌وه هاوبه‌شن، بۆ نموونە وڵاتێكی وه‌كو كۆتدیڤیوار، كه گه‌وره‌ترین ئه‌ندامی یه‌كێتیی دراوی ئه‌فریقایه، تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆییه‌كه‌ی ناگاته تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی شاری بافالۆی ویلایه‌تی نیویۆرك، له‌م نێوانه‌دا یۆرۆ وه‌ك دراوێكی یه‌كگرتوو جیاوازه، چونكه وڵاته‌كانی راسته ئابوورییه‌كی به‌هێزیان هه‌یه، له هه‌مان كاتدا سنوورییان هاوبه‌شه و ئامانجی هاوبه‌شیشیان هه‌یه.
وڵاتانی كه‌نداویش نه‌یانتوانی
زۆر گروپی دیكه‌ی ئیقلیمیش هه‌وڵیاندا دراوی هاوبه‌شیان هه‌بێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، له‌وانه‌ش كۆمه‌ڵه‌ی هاریكاریی كه‌نداو بوو، كه ساڵی 2001 بیریان له دامه‌زراندنی دراوێكی هاوبه‌ش كرده‌وه، ئه‌وان شه‌ش وڵات بوون كه به نیاز بوون تا ساڵی 2010 یه‌كێتییه‌كی دراو رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام خه‌ونه‌كه‌یان نه‌هاته دی، هه‌رچه‌نده ئه‌و وڵاتانه له رووی كه‌لتورییه‌وه په‌یوه‌ست بوون به یه‌كه‌وه، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری دراوی نیشتمانیی خۆیان بن.
كه‌واته دراوی یه‌كگرتووی برێكس هیچ ده‌رفه‌تێكی سه‌ركه‌وتنی نییه، وڵاتانی ئه‌ندامی برێكس پڵه‌س به‌سه‌ر چوار كیشوه‌ری جیادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، خاوه‌نی زمانی جۆراوجۆرن، به درێژایی مێژووش ململانێ‌یان هه‌بووه، نه‌ك یه‌كانگیریی ئابووریی، بۆ نموونه چین و هیندستان تا ئێستاش كێشه‌ی سنوورییان هه‌یه له ناوچه‌ی هیمالایا، وڵاتانی ئه‌ندامی برێكس په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشیان زۆر جێگیر نییه، چونكه وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وتی وه‌كو روسیا و به‌رازیل و ئێران و ئیمارات سوودمه‌ندن له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، له كاتێكدا هه‌مان به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، ده‌بێته گوشار له‌سه‌ر وڵاتانی هاورده‌كاری نه‌وتی وه‌كو چین و هیندستان، ئه‌مه‌ش واته به‌رژوه‌ندیی دژ به‌یه‌ك و دووركه‌وتنه‌وه له ئامانجی هاوبه‌ش.
هه‌ڕه‌شه‌كان زیانیان ده‌بێت
گومانی تێدا نییه كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان جموجۆڵێك هه‌یه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به دۆلار، پرۆسه‌كه‌ش ئه‌گه‌رچی زۆر له‌سه‌رخۆ به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌ره‌ی سه‌ندووه، ئه‌ویش په‌یوه‌سته به پشتبه‌ستنی ئه‌مریكا به سزادانی ئابووریی، چونكه ئه‌و هه‌موو سزایایه و دووباره‌بوونه‌وه‌یان، ره‌نگه كاردانه‌وه‌ی خراپی به دوادا بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی گومرگی %100 به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندامی برێكسدا جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێبكه‌وێته‌وه.
*مامۆستای پێكه‌وه‌نانی سه‌رمایه و گه‌شه‌ی ئابووریی له زانكۆی هارڤارد.
له عه‌ره‌بییه‌وه: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید