کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید
هەمووان دەزانن کە تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد برینێکی ساڕێژ نەبوون و هێشتا ئاسەواری زۆری تاوانەکان ماون.
لەوانەش پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پرسێکی ئینسانی و سیاسیە، بەتایبەتیش لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەهەزاران ژن و مناڵ و پیرو لاو لە زێدی خۆیان لە کوردستان راگوێزران بەرەو بیابانەکانی باشوری عیراق لەوێ زیندەبەچاڵ کران.
ئەو تاوانە تاوانێکی نێودەوڵەتی بوو.
پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانیەکان بکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتیە بۆ لەمەودوا نەهێڵێ کورد توشی کۆمەڵکوژی تر ببێتەوە.
رۆژی ٢٠٢٤/١٢/٢٢ گۆڕێکی تر لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدرایەوە. دیمەنەکانی ناو گۆڕەکان ناخ هەژێنن، قوربانیەکان هەموو کوردن و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لەوێ زیندە بەچاڵ کراون.
وەکو مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
جارێکی تر هاوخەمی بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆسایدی کوردستان دەردەبڕین.
لەهەمان کاتدا رۆڵی شاناز خان خانمی یەکەمی عیراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەرز دەنرخێنین کە بایەخ بەم پرسە نیشتمانیە دەدات و، هەوڵ بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە دۆزراوەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گۆڕە ونبوەکان دەدات. هەروەها کارکردن بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان لەپێناو ناسینەوەی قوربانیەکان هەنگاوێکی نوێیەو، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی خانمی یەکەمی عیراق دەکەین و ئەم پرۆسەیە دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، بەڵام هێشتا درەنگ نیەو پێویست دەکات بەردەوام بێ تا هەموو کەسوکاری قوربانیان سامپڵی خوێنیان لێ وەردەگیرێت.
خوازیارین ئێسک و پروسکەکان لەمەراسیمێکی شایستەدا، بەئامادەبونی نوێنەرانی وڵاتان و دیپلۆماتکارانی نێودەوڵەتی بگەڕێندرێنەوە خاکی نیشتمان و بەشکۆوە بەخاک بسپێردرێن.
لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا زیاتر لە ( ١٨٢٠٠٠ ) مرۆڤی کورد بونە قوربانی دەستی رژێمی لەناوچووی بەعس. هێشتا ئاسەوارەکانی تاوانەکە بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە دیارەو برینەکانی هەرگیز ساڕێژ نابن.
مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
٢٠٢٤/١٢/٢٢