ئالان محەمەد جەزا
رێكخستن بەردی بناغەی شۆڕشە و مایەی گەشەكردن و بەرەوپێشبردنی رەوتی تێكۆشانە، بۆیە لەهەر شۆڕش و جوڵانەوەیەكدا رێكخستن زۆر پێویستە، بەتایبەتیش لەناو شارەكاندا.
لە سەردەمی ئێمەدا بۆ زیادكردنی ئەندام و لایەنگر بۆ رێكخستنەكان، سەرەتا لە دەستنیشانكردنی ئەو گەنجانەوە دەستمان پێدەكرد كە توڕە و بێزاربوون لە هەڵسوكەوتی دەستوپێوەندەكانی دوژمن، یان ئەوانەی هەستی كوردانەیان بەرزبوون، بۆیە وردە وردە خۆمان لێیان نزیك دەكردەوە و قسەیان لەگەڵ دەكرا تا دەهاتنە ریزی رێكخستنەوە، دوای ئەوە لە سەر سیاسەتی شۆڕشەكە و خۆشویستنی خاك و نیشتمان، هەروەها لەسەر بنەمای دەست و داوێنپاكی، گۆشدەكران.
نهێنیپارێزی و نەدركاندنی زیانیارییەكان و خۆشویستنی هاوڕێكانی بەشێكی تربوو لەو پەروەردەیەی كە دەكرا، وا دەكرا دووربێت لەهەر ناپاكیی و كارێك كە زیان بە خۆی و هەڤاڵانی و رێكخستنیش بگەیەنێت.
هەموو ئەمانەش هەر لەسەرەتای هاتنە ناو تۆڕی رێكخستنەوە دەستی پێدەكرد، واتا ئەوكاتەی دەخرایە ناو ئەڵقەی رۆشنبیرییەوە و سەرەتاش وەك دۆست و لایەنگر وەردەگیرا. دوای ماوەیەك كۆبوونەوەی دوو بەدووی لەگەڵ دەكراو باسی ئازارەكانی گەلەكەی و دڕندەیی دوژمنی لەگەڵ دەكرا و رێنمایی دەكرا كە لەماڵەوە و ناوهاوڕێكانی و خەڵكی تریش خۆی پێوە هەڵنەكێشێت و باسی نەكات.
پاش چەندمانگێك لەچاودێریی ورد و دڵنیابوون لێی، ئنجا (ناوی نهێنی)ی پێدەبەخشـرا و كۆبوونــــەوەی (سێ قۆڵی)ی لەگەڵدا دەكرا و قۆناغ قۆناغ بە پلەی رێكخراوەییدا دەڕۆیشت و رێگەی دەدرا لەگەڵ هاوڕێ باوەڕپێكراوەكانی خۆی ئەوانەی دڵنیابوو لە متمانەیان، قسەبكات و هەوڵی رێكخستنیان بدات، دواتریش شوێنی كاری بۆ دەستنیشان دەكرا و كاروچالاكیی پێ دەسپێردرا.
كاروباری رێكخستنی ناوشار مەترسییەكی زۆری لەسەربوو، چونكە كاردكردن بوو لە ناوجەرگەی دوژمنێكی دڕندە و دەستنەپارێزدا، بۆیە ئەوانەی رێكخستنی ناوشاربوون پێویست بوو هەمیشە لە خۆپارێزیدابن، وەك ئامادەكارییەكیش لەكاتی گیرانی هەر هەڤاڵێك دەبوایە هاوڕێكانی لە شوێنی نادیار (ئیختیفا) بكەن و خۆیان بشارنەوە.
بێگومان پەروەردەی باش و خۆڕاگری و دڵسۆزی دۆزی گەلەكەی، چەكی بەهێزی ئیرادە و خۆڕاگریی هەڤاڵانی رێكخستن بوو، كە خۆڕاگر و بەتوانابێت بەرامبەر بە ئەشكەنجە و ئازاری زیندان.
پرۆفایل
عادل شێخ جەواد شەدەڵە، لە دایكبووی ساڵی 1964ی گوندی شەدەڵە.
ساڵی 1980 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەوە لە كەرتی خوێندكاران، ساڵی 1984 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی مەڵبەندی دوو، ساڵی 1985 وەك مامۆستای شۆڕش و هێزی بەرگریی درێژەی بە خەبات داوە تا ئەنفال.
من مامۆستابووم و بەویستی خۆم چوومە ناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، لە سنووری مەڵبەندی دوو دەستمكرد بە خەبات و پاشان وەك مامۆستای شۆڕش بەردەوام بووم لەخەبات، دوای بەئاكام نەگەیشتنی گفتوگۆی شۆڕش و رژێم، رژێمی بەعس سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی ناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی هێزی پێشمەرگەی كشاندەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، بە فەرمانی رەوانشاد مام جەلال هەموو ئەوانەی بە پیشە مامۆستابوون، یان دەرچووی ئامادەیی یان پیشەیی بوون، لە قوتابخانەی گوندەكان دەستیانكرد بە وتنەوەی وانە و بوونە مامۆستای شۆڕش لە ناوچە رزگاركراوەكاندا، ئیتر مامۆستایانی شۆڕش بوونە چرای شاخ و نەیانهێشت مەرامی گڵاوی دوژمن بە ئەنجام بگا و سەرجەم قوتابخانەكانیان ئاوەدانكردەوە.
سەركردایەتیی شۆڕش بەهەموو شێوەیەك ئاسانكاریی دەكرد بۆ جێبەجێكردنی كاروباری پەروەردە و فێركردن، جگە لەوەش، ژمارەیەك مامۆستای دڵسۆزی ناو شارەكان، بە كتێب و تەباشیر و پێداویستییەكانی دیكە هاوكاریی پرۆسەكەیان دەكرد.
ئەو بڕە پارەیەش كە وەك یارمەتی دەدرا بە مامۆستای شۆڕش، مانگانە 35 دینار بوو بۆ مامۆستای سەڵت و 60 دینار بۆ مامۆستای خێزاندار.