ئا: ئیدریس جەبار
عیراق وڵاتی هەمەڕەنگی ئاینی و مەزهەبییە، دێرینترین ئایینەكان لە عیراقەوە سەریانهەڵداوە، پێكهاتەكان و گروپە ئایینی و ئەتینییە جیاجیاكانی لەخۆگرتووە كە لە كۆنەوە پێكهاتوون و لە وڵاتەكەدا ژیاون، هەندێكیان رەسەنن و رەگوڕیشەیان بۆ شارستانییەكانی میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە، هەندێكی تریان لە شوێنی ترەوە هاتوون و نیشتەجێبوون، بەڵام بەگشتی لەگەڵ پاشماوەی پێكهاتەكانی تردا دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخیان پێكهێناوە، بەپێی لیستی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوان كەمینەیان پێدەوترێت.
سابیئە مەندائییەكان
فائیزە زیاب، جێگری سەرۆكی كۆمەڵی كلتوری مەندائی لە هەولێر دەڵێت»سابیئەكان پێنج كۆمەڵەیان هەیە بریتین لە «یەكتاپەرستی و تەعمید و نوێژ و رۆژو و سەدەقە»، زۆربەی سابیئەكان لە عیراقدان و ژمارەیان دەگاتە نزیكەی حەفتا هەزار كەس».
بە وتەی فائیزە زیاب «سابیئە مەنداییەكان لە چەند پارێزگایەكدا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام زۆربەیان لە بەغدای پایتەخت نیشتەجێن، لە گرنگترین كتێبە ئاینییەكانی ئەو تایەفەیە، كتێبی پیرۆزی (كنزا ربا)یە كە مانای گەوهەری مەزن دەگەیەنێت، یەكەم ئایینی یەكتاپەرستییە لەسەر گۆی زەوی دەركەوتووە و خالق بە (الحبی العظیم) ناودەبەن و چەند پێغەمبەرێكیان هەیە یەكەمیان پێغەمبەر ئادەمە باوكی مرۆڤایەتی و پارێزگارییان لە كتێبێك كردووە بە (سحف ادم) ناودەبرێت، دوایین پێغەمبەریشیان یەحیای كوڕی زەكەریایە و كتێبەكەی ناوی (تعالیم یحی)یە، زمانەكەشیان كە مەندائییە، سەرچاوەی یەكەم و سەرەكی دەركەوتنی زمانی عەرەبییە».
كاكەییەكان
رەچەڵەكی ئاینەكە بۆ (یارسانی كاكەییەكان) بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، زۆربەی شوێنكەوتوانی ئاینەكە لە هەرێمی كوردستانن.
فەرهاد كاكەیی توێژەر لە بارەی تایەفەكەوە دەڵێت «كاكەییەكان لە ناوچەی چیای ڤاگۆرۆس و لە پارێزگاكانی موسڵ و كەركوك و دیالە و سلێمانی، ژمارەیان نزیكەی 200 هەزار كەس دەبێت لە عیراقدا.
بە وتەی ئەو توێژەرە «كاكەیی ئایینێكی سەربەخۆیە لە هەموو ئایینەكان، چوار كۆڵەكەی هەیە كە بریتین لە «راستگۆیی و پاكی و قوربانیدان و خۆنەویستن»، شوێنكەوتوانی ئەم ئایینە بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، دوایین تاوانی كۆمەڵكوژیش لەسەر دەستی داعش بوو».
زەردەشتی
ئاوات حوسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت «زۆربەی كوردەكان زەردەشتی بوون بەر لە هاتنی ئیسلام، ئاینی زەردەشتی وەك میراتێكی كۆمەڵایەتی دەگوازرایەوە، شوێنكەوتوانی بە دزییەوە رێوڕەسمی ئایینی خۆیان دەکرد، لە دوای ساڵی 2015 یاسایەك لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەرچوو كە دانی نا بەزەردەشتیدا وەك ئایین، لەو دەمەوە زەردەشتییەكان بەشێوەیەكی ئازاد رێوڕەسمی ئاینی خۆیان بەڕێوەدەبەن».
بە وتەی حوسامەدین «زەردەشتییەكان چوار رێكخراو و دوو پەرستگەیان هەیە لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی».
ئێزدی
ئاینی ئێزدی یەكێكە لە ئایینە دێرینەكان، رەوشی ئێزدییەكان لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و ئەو رەوشەی بەسەریاندا هاتوو گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەم ئایینە لە كۆمەڵێك خاڵدا لەگەڵ ئاینەكانی تر یەكدەگرێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ كاكەییەكان».
خزر دوملی چالاكوانی مەدەنی لەبارەی ئایینەكەوە دەڵێت «ئایینی ئێزدی ئاینێكی یەكتاپەرستییە، بەڵام شوێنكەوتوانی بۆ چەندان سەدە دەچێت رووبەڕووی هێرش و پەلاماریی فیكری و كلتوری بوونەتەوە، وێڕای هەڵمەتەكانی لەناوبردن كە دواینیان لە ساڵی 2014 بوو لەسەر دەستی تیرۆریستەكانی داعش بەهۆی وابەستەبوونی ئاینییان».
بە وتەی ئەو چالاكوانە «ئێزدییەكان خۆر بە سەرچاوەی ژیان دادەنێن و پەرستگەی (لالش) كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی پارێزگای دهۆك، لە گرنگترین و بەناوبانگترین پەرستگەكانی ئێزدییەكانە، شوێنكەوتوانی ئایینەكە لە شارەكانی دهۆك و سمێڵ و زاخۆ و شنگال و شێخان و بەعشیقە و بەحزانی و تلكێف نیشتەجێن».
لای خۆیەوە، خەیری بوزانی نوێنەری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت «ژمارەی شوێنكەوتوانی ئایینی ئێزدی لە عیراق دەگاتە 600 هەزار كەس، بەر لە دەستبەسەرداگرتنی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش بەسەر قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2014».
کریستیانەکان
کریستیانەكانی عیراق، نەوەی كلدانی سریانی ئاشورین، نۆ هەزار ساڵ دەبێت لە عیراقدان، نەوەی شارستانییەكانی بابل و ئاشورن كە بە لانكەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنرێت.
کریستیانەكان لە زۆربەی ناوچەكانی میزۆپۆتامیا نیشتەجێن، ئەمەش بە وتەی جۆزیف سڵێوە ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت «بەدرێژایی مێژوو کریستیانەكان رووبەڕووی چەندان كوشتارگە بوونەتەوە، لەوانە كوشارگەی ئەرمەن و سمیڵ و سۆریا و ئەنفال، کریستیانەکان لە سەردەمی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ، رووبەڕووی كوشتارگەیەكی گەورە بوونەوە.
وەك سڵێوە ئاماژەی پێكردووە «کریستیانەکان ئێستا لە بەغدا و دەشتایی نەینەوا و موسڵ و هەولێر و دهۆك و شارەكانی تر نیشتەجێن».
كوردی فەیلی
كوردە فەیلییەكان لە پارێزگاكانی بەغدا و دیالە و واست و میسان و بابل نیشتەجێن، لە زۆربەی بوارەكانی وەك بازرگانی و پیشەسازیی كاردەكەن و بەردەوامبوون لە هاتووچۆكردن لەنێوان عیراق و ئێران، بەر لە یەكەمین جەنگی جیهان.
سامی فەیلی، سەرۆكی كۆمەڵی كوردانی فەیلی دەڵێت «رەچەڵەكی وشەی فەیلی بیلییە كە مانای پیاوی ئازا و بەجەرگ دەگەیەنێت»
بە وتەی سامی فەیلی «كوردانی فەیلی لەسەردەمی ئەو رژێمانەی حوكمڕانی عیراق بوون، دووچاری راگواستنی زۆرەملێ بوونەوە، بەوپێیەی نزیكەی نیو ملیۆن فەیلی لەماوەی ساڵانی 1971 بۆ 1980 دەست بەسەر موڵك و سامانەكانیاندا گیرا، زۆربەیان لەدوای رووخانی رژێم گەڕانەوە بۆ عیراق».
ئەرمەن
ئەرمەن ئەو نەتەوەیەن كە هەر لە سەرەتاوە بوون بە کریستیانی و بەدیاریكراویش لە ساڵی 301ی زاینی، ئەمەش بە بۆچوونی ئاری بوغوس چالاكوانی مەدەنی بێت دەڵێت «ئەرمەنەكان چەندان سەدەیە لە عیراق دەژین و لە ئەرمینیاوە كە زێدی ئەرمەنەكانی عیراقە، هاتوونەتە عیراقەوە، ئەرمەنەكان لە ساڵی 1222ی زایینی لە پارێزگای بەسرە نیشتەجێبوون و ئەبرەشیەكانیان لەو دەمەدا لە بەسرە دامەزراندووە».
ئاری بوغوس ئەوە بە یەكەم دەركەوتنیان لە عیراقدا دادەنێت و «لەوێوە بەرەو شارەكانی تری عیراق رۆیشتوون، لەوانە بەغدا و كەركوك و موسڵ، لەسەردەمی عوسمانییەكاندا رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەوە لە ساڵی 1915 و بە هەمان شێوە دووچاری راگواستنی زۆرەملێ كرانەوە، بەشێكی زۆریان روویان لە عیراق كرد و ژمارەیان زیادی كرد، تا گەیشتە 20 هەزار ئەرمەنی».
هەروەها بوغوس دەڵێت «لە ماوەی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و دواتر، ژمارەیەكی زۆریان عیراقیان بەجێهێشت، ژمارەیان لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 3 هەزار كەس دەبێت، لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ نیشتەجێن، بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی و ئەرمەنی قسە دەكەن، هاوبەشییەكی گەورەیان هەبووە لە خزمەتكردن و بنیاتنانی وڵات، وەك پێكهاتەیەكی رەسەنی كۆمەڵگەی عیراقیش، بلیمەتن لە بوارەكانی پزیشكی و ئەندازیاریی و هونەر».
توركمان
توركمان بە سێیەم نەتەوە لە عیراقدا دادەنرێن و دووەم نەتەوەیە لە هەرێمی كوردستان، هیمان رەمزی سەرۆكی رێكخراوی تولای توركانی لەو بارەیەوە دەڵێت «توركمان لەڕووی جوگرافیاوە بەسەر ناوچەكانی موسڵ و كەركوك و دیالە و سەڵاحەدین و هەولێردا دابەشبوون، زۆربەی ناوچە توركمانییەكان رووبەڕووی پەلاماریی دڕاندانەی گروپە تیرۆریستییەكانی داعش بوونەتەوە».
بەهائییەكان
سەرمەد كەیخەسرەو نوێنەری بەهائییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت «سەرەتا ئایینی بەهائی لە عیراق و ئێران و فەلەستینەوە بوو، ژمارەیان ئێستا لە جیهاندا بە 7 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت، مێژووی ئاینەكە لە عیراق بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە (بەهائوڵڵا) لە ناوچەی دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگ لە میوانداریی مەدرەسەی قادری نەقەشبەندی، ماوەتەوە».
بە وتەی کەیخەسرەو «شوێنكەوتوانی ئاینی بەهائی، بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشبوون، لە ساڵی 2012 بە رەسمی دان بە ئەنجومەنی باڵای بەهائییەكاندا نرا لە هەرێم».
بە رەوچاوكردنی فرەیی پێكهاتە و ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بە ناوی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستانی عیراق بە ژمارە 5 لە ساڵی 2015دا پەسەندكرد كە سێ بەش و نۆ مادە لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی چەسپاندنی مافی هەموان لە یەكسانی و دادپەروەری لە دەرفەتەکاندا».