سەرۆک بافڵ: پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات

08:04 - 2024-12-23
کوردستان
234 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.

لە درێژەی دیدارەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سوریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان وەک بنەمای چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا دووپاتکردەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان کرد و رایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی کارکردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێکیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین، دۆخی ئەمڕۆی سوریاش پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی راستەقینە هەیە، هیوادارین هەموو لایەک بەم رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتووی وڵاتەکە و ژیانی خەڵکەکەی بدەن.

پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لاوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات و ئامانجەکەی بەهێزترکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێت نەک جیاکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەپێناوی بەرژەوەندییە حزبییەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان