ئا: رەهێل سەمەد
ماوەی سێ ساڵە نۆرینگەیەكی پزیشكییی تایبەت بە خانەوادەی شەهیدان لە هەولێر داخراوە، بەهۆیەوە كەسوكاری شەهیدان زیانێكی زۆریان بەركەوت و بێبەشەكران لەو خزمەتگوزارییانەی لە نۆرینگەكە پێشكەشیان دەكرا، بە وتەی یاریدەدەرێكی پزیشكییی كە پێشتر لەو شوێنە كاریكردووە، نۆرینگەكە سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان بووە، بەهۆی تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر داخستنی، سەرجەم ئامێر و پێداویستی پزیشكیی و دەرمانەكان لەكاركەوتوون، هیچ كاتێكیش بۆ دووبارە كردنەوەی دیار نییە.
ئەحمەد كەریم وەك یاریدەدەری پزیشكیی لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: نۆرینگەی پزیشكیی ئێوارانی خانەوادەی شەهیدان، دەكەوێتە گەڕەكی هەڤاڵانی شاری هەولێر، خزمەتێكی زۆری بە كەسوكاری شەهیدانی دەكرد، چونكە سەرجەم خزمەتگوزارییەكان بێ بەرامبەر بوون، بەڵام ماوەی سێ ساڵە بەبڕیاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان داخراوە و هیچ كاتێكیش دیارنییە بۆ دووبارە كردنەوەی ئەو نۆرینگەیە.
لەبارەی هۆكاری داخستنی نۆرینگەكە وتی: بەگوێرەی زانیارییەكانی ئێمە، كە ماوەیەك وەك یاریدەدەری پزیشكیی كارم تێداكردووە، ناكۆكی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و شەهیدان، هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی نۆرینەگەكە دابخرێت، هۆكارێكی تر هەوڵێك هەبوو بۆئەوەی دەست بەسەر زەوی ئەو شوێنەدا دابگیرێت، كە شوێنێكی بازرگانییە و زیاتر لە دوو هەزار مەترە، بەو ئامانجەی بیكەن بە شوێنێكی بازرگانی، بەڵام ئەو هەوڵانەیان سەری نەگرت و خانەوانەی شەهیدانیش لە خزمەتگوزاریی ئەو نۆرینگەیە بێ بەشكران، ئێساش شوێنەكەی بەداخراویی ماوەتەوە.
وتیشی: داخستنی شوێنێكی لەو جۆرە جگە لە زیانگەیاندن بە كەسوكاری شەهیدان و قورسكردنی ئەركی سەرشانیان، نۆرینگەكە زیانێكی زۆری پێگەیشت، چونكە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی داخراوە، سەرجەم ئامێرە پزیشكیییەكان لەكاركەوتوون و جارێكی تر ناتواندرێ سوودی لێوەربگیرێتەوە.
لەبارەی ئەوانەی سەردانی نۆرینگەكەیان دەكرد وتی: هەموو خانەوادەی شەهیدێك پلەیەك وەك خوشك و براو منداڵ و دایك و باوك بۆیان هەبوو سەردانی ئەو نۆرینگەیە بكەن، ئەوانەشی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو، مانگانە دەرمانی پێویستیان وەردەگرت.
نەسرین نوری وەك خێزانی یەكێك لە شەهیدەكان لەبارەی ئەو نۆرینگەیە بۆ كوردستانی نوێ وتی: كاتێك سەردانی نۆرینگەكەمان دەكرد، خزمەتێكی زۆر دەكراین، بەبێ ئەوەی هیچ پاریەكمان بچێت، كە زیاتر ئێواران سەردانمان دەكرد، ئەوەی من بینیم بەشەكانی ئێسك و هەناو و ددان و پێستی تێدابوو، هەروەها سۆنەر و پشكنینی خوێن لێرە ئەنجامدەدرا، ئەمە جگە لەوەی هەموو جۆرە دەرمانێكی تێدا دەست دەكەوت، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشیی درێژخایەن.
هەر بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان كرد، كەچی ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێك بدەن، بەڵام سەرچاوەیەك لەناو وەزارەت پێی ڕاگەیاندین: هۆكاری داخستنی نۆرینەگەی كەسوكاری شەهیدان لە هەولێر، بۆ بوونی گەندەڵی بووە لەناو نۆرینگەکە.