گدان ئەو گۆڵپارێزەی ناوێكی دیاری بواری وەرزشی هەولێر بوو

12:06 - 2024-12-25
دووتوێ
192 جار خوێندراوەتەوە
دڵدار فەیسەڵ حەمەدەمینی ناسراو بە گدان

عیماد قادر

ئەگەر لە بەشی زۆری یاریزان و وەرزشوانانی تۆپی پێی ساڵانی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی هەولێر بپرسی، یادو یادگارییان لەگەڵ یاریزانی گۆڵپارێز(گدان) هەیە، ئەوە جگە لەوەی ئەو لەچەندین تیپی میللی تۆپی پێی شارەكە یاریكردووە، هاوكات كەسێكی كۆمەڵایەتی و قسەخۆش بوو، بۆیە ناوەكەی لەسەرزاری وەرزشوانان، هەرماوەتەوە و ئێمەش لێرە یادی دەكەینەوە. 
دڵدار فەیسەڵ حەمەدەمین كە لەنێوەندی وەرزشیدا بە(گدان) ناسراوە و لە سەردەمی خۆیدا یەكێك بوو لە گۆڵپارێزە بەتواناكانی شاری هەولێر، بەڵام داخەكەم ساڵانێكە ماڵئاوایی كردووە و تەنها یادگارییە جوانەكانی جێهێشتووە.
(گدان) لەژیانی وەرزشیدا یاری بۆ تیپی میللی گەڕەكی عەرەب و كوردستان و یانەی برایەتی و یانەی عومال و تەلەبە و شەباب كردووە و جێپەنجەی لە بواری وەرزشی شارەكە وەك گۆڵپارێز دیاربوو.
دوای ئەوەی لە ناكاو تووشی جەڵتە دەبێت، بۆماوەیەك بە نەخۆشی ژیانی بردەسەر، لەو ماوەیەدا تا لە ژیاندابوو، ئێمە لەگەڵ برادەران و وەرزشوانە دێرینەكان، زوو زوو سەردانمان دەكرد و دڵمان دەدایەوە، شەوێكیان سەبارەت بەنازناوەكەی گوتی: كاتی خۆی برا گەورەكەم لەبەر خۆشەویستی پێی دەگوتم گدان، ئیدی ئەو ناوە بە منەوە نووسا، بەڵام من زۆر شانازی پێوە دەكەم.
زۆر بەداخەوە ئەو گۆڵپارێزە هەر بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد و هەموومانی جێهێشت، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی كاكە دڵدار فەیسەڵ حەمەدەمینی ناسراو بە گدان و سەرجەم وەرزشوانی شاری هەولێر و كوردستان.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان