ئا: رەوەست نەوزاد
سینەماكانی هەولێر(حەمرا، سەلاحەدین، سیروان) بەشێك بوون لە مێژووی ئەم شارە، لە ساڵانی رابردوودا، ببوونە هۆی ئاشناكردنی خەڵكی ئەو سەردەمە بە فیلمی سینەمایی عەرەبی و هیندی و جیهانی، بەڵام بەهۆی بەرپابوونی جەنگی كەنداو و سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری بەسەر وڵات و گۆڕان لە شێوازی ژیانی خەڵك، دواتریش بەبێ بایەخ سەیركردنیان لەلایەن ئیدارەی هەولێر، ئیتر ئەو سینەمایانە نەوەك تەنیا داخران، بەڵكو باڵەخانەكانیان وەك شوێنێكی كەلتوریی و مێژوویی نەپارێزراو بە كەلاوەیی مایەوە یان لەگەڵ زەوی تەخت كران.
سەبارەت بە مێژووی دروستكردنیان لە هەولێر بەوتەی هونەرمەندانی دێرین، سینەما سەڵاحەدین لە ساڵی 1945دروستكراوە، دوای ئەویش سینەما حەمرا لە ساڵی 1947 كراوە، سێیەم سینەما سیروان بوو، كە لە ساڵی 1970دروستكراوە، پێش ئەوانیش سینەمایەكی هاوینە بەناوی جوندیان هەبوو، ئەویش لە ساڵی 1960 - 1965 لە كاركردن بەردەوام بوو، ئەو سینەمایە سەری كراوە بوو، بۆیە پێیان دەگوت هاوینە.
هونەرمەندی دێرین عەلی ئەحمەد، زۆر یادگاری و زانیاری لەبارەیانەوە هەیە و دەڵێت: لەناوچوون و داخستنی ئەو سێ سینەمایەی هەولێر، كارەساتێكە بۆ رۆشنبیری و مێژووی كوردی و شاری هەولێر، چونكە كاتی خۆی سینەما سەرچاوەیەكی گرنگی رۆشنبیریی بوو، وایاندەكرد خەڵكی تێكەڵی هونەر و رۆشنبیری وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بن.
وتیشی: ئەوكاتە سینەماكان رۆژانی هەینی سێ جار فیلمی زۆر نایابیان نمایش دەكرد و خەڵكی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی فیلمە عەرەبی و هیندییەکانی دەكرد، بەهۆی ئەو كێبڕكییەی لە نێوان سینەماكانی هەولێریش هەبوو، وایكردبوو فیلمی بەهێز نمایش بكەن، بینەر بەشەوقەوە سەیریان بكات و چێژیان لێوەربگرێت.
باسی لەوەشكرد: هەرچەندە رەوشی باڵەخانەی سینەماكانی حەمرا و سیروان باش نییە، بەڵام بەداخەوە باڵەخانەی سینەما سەڵاحەدین، وەك دووەم كۆنترین سینەمای هەولێر تەختی زەوی كرا، كە نەدەبوایە تێكبدرێت، بەڵكو دەبوو وەکو جێگایەكی مێژوویی بمێنێتەوە.
باسی لەوەشكرد كە هۆكاری كوژانەوەی رۆڵی هۆڵەكانی سینەما لە شاری هەولێر، بەهۆی گۆڕانی دۆخی كوردستان و هەولێر و پێشكەوتنەكانی جیهان بوو، لەوكاتیش دەبوایە خاوەن سینەماكان كارێك بكەن هۆڵی سینەماكان دانەخرێن، هەروەك چۆن لە وڵاتان سینەماكان هەركراوەن و وەكو كەلتورێك سەیری دەكەن و ناهێڵن بمرێت.
عەدنان عوسمان دەرهێنەری سینەما كە خەڵكی شاری هەولێرە لە بارەی سینەماكان دەڵێت: كاتێك سینەما سەڵاحەدین فیلمی تێدا نمایشكراوە و خانەوادەكانی شاری هەولێر شەوانە بۆ سەیركردنی رۆیشتوون لەبەرئەوەی لەوكاتەدا كارەبا لە شارەكە نەبووە، بۆیە بە فانۆس بەڕێگا رۆیشتوون بۆئەوەی بچن سەیری فیلمەكانی بكەن، بۆیە دەبوایە رێگری لەوە بكرێت كە سیمبوڵەكانی ئەو شارە تێكبدرێن و وا بەبێ نازیی بمێننەوە.
وتیشی: هۆكاری نەمانی بینەر لە سینەما كۆنەكانی هەولێر ئەوەبوو، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان حكومەتی ئەوكاتەی بەعس، هونەری بەشێوازێك لەبەرچاوی بینەر و خەڵك ناشیرین كردبوو، خەڵك ساڵۆنەكانی سینەمایان بەشوێنی خراپ دەزانی و ناو و ناتۆرەشیان لێنابوو، ئیتر بەهۆی ئەوە وردە وردە بینەر لە سینەماكان تۆران. هۆكاری دووەمیش بۆ سەپاندنی ئابڵۆقەی ئابووری و كەلتوری لەسەر عیراق و كوردستان دەگەڕێتەوە، كە بووە هۆی ئەوەی نەتوانرێت فیلمە تازەكان لەڕێگای كۆمپانیاكانەوە بهێنرێنە هەرێمی كوردستان.
هەر پەیوەست بەو بابەتە شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراق و گۆڕانكارییە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەكان، لەگەڵ دروستكردنی مۆڵەكان، چەند هۆڵێكی سینەما كرانەوە، كە زۆر پرۆفیشناڵ و مۆدێرن دروستكراون و توانیویانە تاڕادەیەك جێگرەوەیەك بن بۆ سینەما و نیشاندانی فیلمی جۆراوجۆر، بەڵام پێموایە بوونی سینەما لەناو مۆڵەكان زۆر گونجاو نەبوو، چونكە مۆڵ و سینەما دوو شتی لە یەكتر جیاوازن، بۆیە ئەو جۆرە سینەمایانە نەیانتوانی وەكو پێویستی كەلێنی نەبوونی سینەما پڕبكەنەوە، بەتایبەتی سینەما كۆنەكان زیاتر تاموچێژیان هەبوو و لە ناو خەڵك ناسراو و ئاشناتر بوون.
بەرێوەبەری سینەمای هەولێر پێشنیاز دەكات: پێویستە هەر شارێك خاوەن سینەمایەكی تایبەت بە خۆی بێت و سەربەخۆیانە كار بكات و لە ژێر سێبەری حكومەتدا بێت، بەڵام لەكاتی ئێستادا، حكومەت خاوەنی هیچ هۆڵێكی ستانداری جیهانی سینەما نییە، ئەوەی هەیە هۆڵێكی سینەماییە لە یەكێك لە مۆڵەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر لەلایەن پارێزگارەوە بەكرێ گیراوە، تا چالاكییە سینەماییەكانی تێدا ئەنجامبدەین.
سینەما سەڵاحەدین