ئاواز سۆفی، ئەو كچە هونەرمەندەی لە درامای (هەبوونەبوو) رۆڵی كارەكتەری(ناسكە)ی بینی

12:20 - 2024-12-25
دووتوێ
302 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد



(ناسكە) ئەو كاراكتەرەی لە درامای(هەبوو نەبوو)دا لە ساڵانی هەشتاكان رۆڵی هاوسەری (رەجەبی پاقڵەخۆر)ی بینی، دوای ئەو كارە هونەرییەی لەبەرچاو ونبوو، بەجۆرێك دوای تێپەڕبوونی 44 ساڵ، هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە نییە، ئایا خەڵكی كوێ بوو و ئێستا لەژیان ماوە، پێشتر لە هیچ بەرهەمێكی تر رۆڵی بینیووە؟.
لەوبارەیەوە سەباح عەبدولڕەحمان دەرهێنەری درامای(هەبوو نەبوو) بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو ئەكتەرە كچە ناوی ئاواز سۆفی بوو، خەڵكی شاری هەولێرە، بەشداری لەو درامایەدا كرد هەروەك(هەتاو)ی خوشكیشی بەشداری دراماكەی كرد. ئەوكات كچێكی گەنج بوو هاوسەرگیریی نەكردبوو، بەڵام دواتر چووە دەرەوەی وڵات و لە كاری هونەریی دابڕا، ئەو ئەكتەرێكی زۆر لێهاتوو بوو، بەتایبەتی لە درامای (هەبوو نەبوو)، رۆڵەكەی كاریگەر و دیار بوو.
هەرلەبارەی ناسكەی درامای (هەبوو نەبوو)، هونەرمەند عەلی ئەحمەد وتی: ئاواز سۆفی یان ناسكە كاتێك هاتە ناو كاری هونەرییەوە، بە یاوەری براكەی هات كە ناوی قاسم بوو، دواتر هاوسەرگیریی كرد و ئێستا خاوەنی سێ چوار منداڵە و پێموایە لە شاری هەولێر دەژی.
وتیشی: ئاواز سۆفی لە ساڵی 1980 لەگەڵ ئێمە لە درامای(هەبوو نەبوو) بەشدارییكرد كە براكەی رۆڵی شالیاری وەرگرتبوو، ئەویش رۆڵی كچی پاشای پێدرا بوو، بەشدارییكردنی كچێك لە دراماكە بۆ ئەوكات، كارێكی زۆر گەورە بوو، چونكە كچان و ژنان نەیدەتوانی بەو ئازایەتییەوە، بێنەسەر شانۆ، كەچی ئەو كچە بە هەموو توانایەكی خۆی هاتەسەر شانۆ و رۆڵێكی زۆر باڵای بینی كە نموونەی جوانیی و ئازایەتی كچی كوردی پیشاندا.
هونەرمەند سەعدون یونس كە پاڵەوانی سەرەكیی هەمان دراما بوو، بە ناوی رەجەب لە بارەی ناسكەوە دەڵێت: ئەوەندەی من بزانم ئەو ژنە لە درامای 
(هەبوو نەبوو) لەگەڵمان بەشدار بوو، بەڵام ئەگەر دوای ئەو درامایە لە بەرهەمی تری هونەری بەشدار بووبێت من ئاگادار نیم، هەرچەندە پێموایە دواتر لە هیچ بەرهەمێكدا بەشدار نەبووە، چونكە مامۆستا بوو دواتر هاوسەرگیریی كرد و بووبە ژنی ماڵەوە.  

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان