میوزیكژەنی توركمانی، ئەرسەن جەمال، بۆ کوردستانی نوێ :

كاتێك ئاوازێكی كوردی دەژەنم دیمەنە جوانەكانی كوردستان دێنە پێش چاوم

12:22 - 2024-12-26
هەمەرەنگ
220 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی توركمانی ئەرسەن جەمال، هونەرمەندێكی شاری خورماتووە و لەم شارەش لە دایكبووە، ئەو دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانە، ئێستاش لە كەناڵی عیراقییەی توركمانی پێشكەشكارە.
ئەرسەن جەمال بە دوا لاپەڕەی وت : هونەر لەم سەردەمەی ئێستاماندا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، كوان نەوەی هەفتا و هەشتا و نەوەدەكان كە لە نەوەی ئێستا باشتربوون، خەتاكەش بۆ سەندیكای هونەرمەندانی عیراق دەگەڕێتەوە كە هیچ رۆڵێكی نییە و ناتوانێت بەدواداچوون بكات لە خراپیی بابەتە هونەرییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێرە مۆسیقاییەكان وەك جاران نەماون كە پێیان دەوترا ئامێرە رۆژهەڵاتییەكان، ئێستا بەتەنها پەنا براوەتە بەر ئامێری ئۆرگ كە ئەویش رۆژئاواییە و هونەرمەندانیش لە گۆگڵەوە ئاواز دەردەكەن و دواتر دەیژەنن.
وتی: مۆسیقا زمانە و منیش لە رێگەی ئامێرەكەمەوە كە عودە چەندین ئاوازی كوردیم دووبارە ژنیوەتەوە و هیچ جیاوازییەكم وەك مۆسیقارێكی توركمان نەكردووە، چونكە ئێمە لە شارێكداین هی هەموومانە و هیچ جیاوازییەك نییە، بەتایبەت لە رووی مۆسیقاوە، كاتێك ئاوازێكی كوردی دەژەنم دیمەنە جوانەكانی كوردستان دێتە بەرچاوم، بەهەمان شێوەش كە ئاوازێكی عەرەبی دەژەنم باشووری عیراق دێتە بەرچاوم، ئەوانەش كە بە مامۆستای خۆمیان دەزانم و كاریگەرییان لەسەرم هەبووە مامۆستای میوزیكژەن ئەنوەر قەرەداغی و نەسیر شەمە.
عومەر ئاوارە

بابەتە پەیوەندیدارەکان