ئەمریکا: نیگەرانین لە هێرش بۆسەر عەلەوییەکان

11:55 - 2024-12-31
جیهان
52 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر پێکهاتەکان لە سوریا کراون، داوایانکردووە ئیدارەی نوێی سوریا ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی سوریای کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەوان باراک رافید، لە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئەو پێشێلکارییانە داوەتە وەزیری دەرەوەی سوریا.

پێش چەند رۆژێک لەمەوبەر، هێزی ئەمنی لە چەند شوێنێکی سوریا وەک حومس، حەلەب و دیمەشق، توندوتیژییان بەرامبەر بە عەلەوییەکان ئەنجامدا و ژمارەیەکیان لێ کوژران و بریندارکران و ژمارەیەکی دیکەشیان لێ دەستگیرکرا.

بەرپرسانی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسیان گوتووە، چاو بەو راپۆرتانەدا دەخشێننەوە کە باس لەو پێشێلکارییانە دەکەن.

رۆژی یەکشەممەی رابردووش دانیاڵ رۆبنشتاین، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی دیمەشقی کردووە و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریای بینیوە.

ئەمریکییەکان داوایان لە سورییەکان کردووە، ئەو هێرشانە هەرچی زووە رابگیرێن و داوای لە دەستەی تەحریری شام کردووە، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و چاودێریی دۆخی کەمینەکانیش دەکرێت لە داهاتوودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان