پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە بۆنەی ساڵی نوێوە

12:48 - 2024-12-31
کوردستان
393 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی نوێ لە گەلەکەمان، لە کۆمەڵانی خەڵکی عیراق و جیهان پیرۆز بێت.
ساڵی ئاشتی و ئاوەدانی، ماف و دادپەروەری و چارەسەری رەوای مەسەلەی  کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسەروبەندی گۆڕانکاری ناوچەکە، بە دیالۆگی سیاسی و ئاشتی و دیموکراتی.

بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵی بەدیهاتنی ژیان و گوزەرانی باشتر و تێپەڕاندنی دژواری و قەیرانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت بە تایبەتی ئیستحقاقی مووچە بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دوور لە تێکەڵکردنی بە دۆسێ سیاسییەکان. 

هەر بەو بۆنەیەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندێتی خۆی بە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و گێرانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ ئەزموونەکەمان، هەروەک بەڵێنی بە خەڵکەکەمان دابوو، دووپات دەکاتەوە و لە هەموو وێستگەکانی ساڵی ٢٠٢٥ یشدا کۆششی ڕەوای بۆ دەکات، بەرەو حوکمڕانی و حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و بەرپرس و پرۆسەیەکی سیاسیی کارا و دیموکرات و دەربەست.

هیوامان وایە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گەشەی زیاتری پرۆسەی دیموکراتی وڵاتەکەمان و ساڵی دابینکردنی ئیستحقاقە دەستورییەکانی تری کورد بێت.
جارێکی تر پیرۆزە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان