لەبارەی دەرمانی پزیشكییەوە هۆشداری دەدرێت

11:27 - 2022-07-21
ڕاپۆرت
525 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

هەركاتێك باری تەندروستی تێكدەچێت، بەخێرایی خۆی دەگەیەنێتە نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشكی لە نزیك سنوری ماڵەكەیان، ئەمە قسەی كوێستان كەمال بوو بۆمان دواو وتی: هیچ كاتێك بۆ چارەسەركردن رووناكەمە پزیشك و نەخۆشخانەكان، چونكە بەخێرایی و بە كەمترین تێچوو لە عیادەی لا كۆڵانەكان  چارەسەكردنم بۆ دەكرێت، هاوكات بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێم  دەڵێت «جگە لە دەرمانخانەكان لە هەر شوێنێكی دیكە دەرمان بفرۆشرێت بەقاچاغ هاوردەكراوە و مەترسی تەندروستی لێ چاوەڕوان دەكرێت».

دەرمانی باوەڕپێكراو
بەپێی یاساو رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بێت، تەنها دەرمانخانەكان مۆڵەت و رێگەپێدانیان هەیە دەرمان بفرۆشن، هەروەها نۆرینگەی یاریدەدەرە پزیشكییەكان جگە لە هەندێك چارەسەركردنی سەرەتایی و تیماركردن و چاودێریكردنی نەخۆش بەپێدان و بەكارهێنانی  دەرمان، هەر كارێكی تر بکەن نایاساییەو رووبەڕووی لێپرسینەوەو سزا دەبنەوە. 
د. شیروان صادق بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: سەرجەم كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی دەرمان لە ژێر چاودێری و بە هەماهەنگی  وەزارەتەكانی بازرگانی و تەندروستی، دەرمان هاوردە دەكەن، بەجۆرێك هەر هەموویان كوالێتی  دەرمانەكانیان یەك شتە، تەنها جیاوازی لە چۆنێتی بەرهەمهێنان و سەرچاوەكەیدا هەیە، هەروەك پۆلێنمانكردووە، دەرمان لە هەر سەرچاوەیەكەوە بهێنرێت، هەندێك رێوشوێن هەیە تایبەت بە وەزارەتی تەندروستی، هەركات بەو پێوەرانەدا بڕوات، ئەوكات مۆڵەتی هەڵسەنگاندن و دەرچوون و بەكارهێنانی وەردەگیرێت و دەخرێتە ناو دەرمانخانەكانەوە.

دەرمانی باش و خراپ
لە زانستی تەندروستیدا شتێك نییە بەناوی دەرمانی باش و خراپ، تەنها جیاوازی هەیە لە بەرهەمهێنانیدا لەلایەن كۆمپانیا جیهانییەكانی دەرمانەوە، هاوكات بەپێی زانیاری و ئاماژەی هاووڵاتیان لە دەرمانخانەكاندا چەندین جۆری دەرمانی كۆمپانیاكان هەیە بە نرخێكی دیاریكراو، هەروەك لە نۆرینگە تەندروستییەكانیشدا بەهەمان شێوە دەرمانی چارەسەكردن  بەردەستدەكەوێت كە زیاتر جۆرەكەی بە باش  یان بەپێچەوانەوە بەخراپ وەسفدەكرێت.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە ئاماژەیدا لە كوالێتی كۆنتڕۆڵ، كۆمەڵێك پێوەری زانستی ئیداری دیاریكردووە  بۆ هەر دەرمانێك كە هاوردە دەكرێت، ئەگەر سەدی لە سەد  دڵنیا نەبێت، فەرمانی تێپەڕاندنی نادات و رێگە پێدانی پێنادرێت.
وتیشی: دەرمانی دەستی دوو، قاچاغ لە هەموو دنیادا باسی لێوەكراوە كە تەزویرە و تەقلیدی زۆر تێدایە، بۆیە هاووڵاتیان دەبێت لەو لایەنەوە زۆر هۆشیار و ئاگاداربن، هەر دەرمانێك رێگە پێدان و كوالێتی كۆنترۆڵی نەبێت، نەیكڕن، لەوەش دڵنیابن  لە هیچ دەرمانخانەیەكی رەسمیدا، دەرمانی تەزویر و تەقلید نافرۆشرێت، وەزارەتی تەندورستی بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە، لە چوارچێوەی كوالێتی و باشی دەرمانەكە بۆ بەكارهێنان و سوود بینین، تەنها ئەوانەی ئەو جۆرە فرۆشتنە دەكەن، عیادەی لاكۆڵانەكانە كە دەرمانەكانیان نەزانراوە و باش نییە و مەترسی تەندروستی دروستدەكەن.

هۆشیاری بڵاودەكرێتەوە 
بەپێی زانیاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەرمانی فەرمی تەنها لە دەرمانخانەكاندا دەستدەكەوێت بە چەندین پێوەردا تێپەڕاندن دەكات و پشكنینی بۆ دەكرێت، جیاوازترە لە دەرمانێك لە چوارچێوەی بازرگانی و سوود و قازانج لە رێگەی كەسانێك دروست دەكرێت و هاوردە دەكرێت و لە شوێنی نافەرمی ساغكردنەوەی بۆ بكرێت، هەربۆیە لایەنی پەیوەندار لە كوالێتی كۆنتڕۆڵ ئاماژەیەدا، پێویستە لەسەر هاووڵاتیان  لە هەر شوێنێك دەرمان وەردەگرن، وردتربن بە سەیركردنی ناو پاكەتی دەرمانەكە، لیستێكی بچووكی تێدایە زانیاری سەرەتایی و تایبەت بەكارهێنان و رێنمایی و سوود گەیاندنی بۆ نەخۆش دیاریكردووە، چونكە گرنگە نەخۆش بزانێت چی بەكاردەهێنێت، زۆریش گرنگە نەخۆش زانیاری ئەوەی هەبێت دەرمانی باوەڕپێكراو لەسەر پاكەتەكەی فیچەرێكی فەرمی لێدەدرێت كە هی كوالێتی كۆنتڕۆڵە رێگەپێدانە بۆ فرۆشتنی، بۆیە هەر دەرمانێك ئەگەر كوالێتی كۆنترۆڵی لەسەر نەبێت، ئەو دەرمانە وەرنەگرن، چونكە رەنگبێت زیانی تەندروستی بگەیەنێت. 

نزیكی 500 كۆمپانیای دەرمان هەیە
بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 300  كۆمپانیا لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بەشێوەی رەسمی هاوردە دەكەن، هاوكات بە نزیكی 200 كۆمپانیای رەسمیش بەردەوام لەكاردان بۆ هێنانی دەرمانی پزیشكی، دوای پشكنین و بەدواداچوون  بۆ جۆرێتی كوالێتی دەرمانەكان، دواتر دەخرێتە ناو بازاڕەكانەوە، هەروەها لە بەرامبەر جیاوازی نرخی دەرمانی پزیشكی و گرانفرۆشتنی بە سودێكی زۆر لە دەرمانخانەكانی كوردستاندا، لایەنی پەیوەندار لە هۆبەی نرخ دانان لە كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە رێگەی لیژنەكانی چاودێری لە كاردان لە چوارچێوەی رێكخستنی نرخی دەرمان و رێكخستنی بازاڕ  لە دەرمانی قاچاغ و بێ مۆڵەت لەسەرتاسەری كوردستاندا بەجۆرێك ئەو دەرمانانەی هاوردەی كوردستان دەكرێن و رێگەپێدانی فەرمیان هەیە، نرخیان بۆ دادەنرێت و لە ماوەیەكی كەمدا هەموو دەرمانەكان بەیەك پاكێچ دەچنە بازاڕەكانی كوردستانەوە، هەروەها هیچ دەرمانێك یاخود هیچ پێداویستییەكی پزیشكی یان تەواوكەری خۆراكی، رێگە نادرێت هاوردە بكرێت تا كارگەی بەرهەمهێنانی تۆمار نەكرێت.

#دەرمانی پزیشكی

بابەتە پەیوەندیدارەکان